مەسعوود بارزانی و باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا رەوشی عێراق و پەنابەرانیان تاوتوێ کرد
لە دیدارەکەدا کە خاتوو باڕباڕا ڤۆلف کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و جێگرەکەی سڤێن کڕاوسپێ ئامادەی بوون، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، پێزانینی هەبوو بۆ سەقامگیریی و ئارامیی هەرێمی کوردستان و راشیگەیاند وڵاتەکەی سوپاسگوزارە بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پەنادان و حەواندنەوەی ئاوارەکان کە ئەرکێکی قورسە.
ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و هەروەها کار و چالاکییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی گەشەپێدان و سەقامگیری.
لەبەرانبەردا مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا خواست لە ئەرک و کارەکانیدا و پەیوەست بە بارودۆخی ئاوارەکان ئەوەی خستەڕوو کە هەرێمی کوردستان دەرگەی کراوەیە بۆ ئاوارەکان و پێویستی بە یارمەتی و پشتیوانیی ئەڵمانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە لە بابەتی حەواندنەوەی ئاوارەکان.
هەر لەو کۆبوونەوەیە کاریگەریی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی سووریا لەسەر سەقامگیریی هەرێم و ناوچەکە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئاییندەی عێراق و ناوچەکە بە تایبەت لەدوای کوشتنی بەغدادی تاوتوێ کرا.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و گرژی و خۆپێشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕەوشی کەرکووک تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.