وتەبێژی یەکێتی:نیگەرانین لەجێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی
وتەبێژی یەکێتی رایدەگەیەنێت لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی عیراقدا بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لەگەڵ یەکڕیزیدان، دەشڵێت: نیگەرانین لە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی کە جێبەجێنەکراوەو نیگەرانیەکانیشمان گەینادوەتە پارتی و سەرۆکی حکومەت.
لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عیراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بارودۆخی عیراق بەهەلومەرجێکی سەختدا تێپەڕدەبێت و بەرەو ئایندەکی نادیار دەڕوات، بۆیە ئێستا لەهەموکات زیاتر مەترسی لەسەر گەلەکەمان هەیەو هەرێمەکەمان زیاتر پێویستی بەیەکڕیزی هەیە بۆ پاراستنی قەوارەو دەستکەوتنەکانی گەلەکەمان.
وتەبێژی یەکێتی ئەوەشی وت: لەکاتی پێکهێنانی حکومەتدا قوربانی زۆرماندا کە حکومەتێکی یەکڕیز پێکبهێنرێت و حکومەتێکی سەرتاسەری بێت، چەند مانگێک بەسەر پێکهێنانی حکومەت تێپەڕیوە، بەڵام زۆر نیگەرانین لەجێبەجێنەکردنی بەشی زۆری رێککەوتنەکە.
وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند: رێککەوتنی بەشداریمان لەحکومەت و پشکی یەکێتیش بەشی زۆری جێبەجێ نەبووە، ئەوەشی جێبەجێ بووە تێبینمان لەسەری هەیە،
ئەوەشی وت: رێککەوتنەکەشمان لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوک هیچی جێبەجێ نەبووە، رەنگە ئێستا فرسەتی جێبەجیکردنی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان قورستر بوبێت، خەڵکی کەرکوک و کوردستان زەره رمەندی یەکەمن لەجێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە.
لەتیف شێخ عومەر وتیشی: داوامانکردوە وەزیری هەرێمی ئێمە بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداکاربکا، بەڵام لەئێستادا ناوەندێک لەبەغدا کراوەتەوە کە لەئاستی وەزیردایەو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم دەکات.
لەکۆنگرەکەدا باسی لەوەشکرد: زۆر نیگەرانین لەوەی ئەنجومەنی گازو نەوت کە داهاتەکانی گازو نەوت رێکدەخات، دوای دوو مانگ لەپێکهێنانی حکومەت یەک کۆبوونەوەی نەکردوە، بۆیە مەبدەئی شەراکەتی راستەقینە لەنێوان ئێمەو پارتی جێبەجێ نەکراوە.