نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سنە و سلێمانی کرد
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i371120-نێچیرڤان_بارزانی_پیرۆزبایی_لە_سنە_و_سلێمانی_کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ شاری سنە بە بۆنەی تۆمارکرانی ناوی وەکو شارێکی داھێنەر لە ڕووی موسیقاوە پیرۆزبایی لەم شارە کردو ناسێندرانی شاری سلێمانیشی وەک شارێکی داھێنەر لە ڕووی وێژەو ئەدەبەوە پیرۆز کرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی دووه‌م 01, 2019 11:41 Asia/Tehran
  • نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سنە و سلێمانی کرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ شاری سنە بە بۆنەی تۆمارکرانی ناوی وەکو شارێکی داھێنەر لە ڕووی موسیقاوە پیرۆزبایی لەم شارە کردو ناسێندرانی شاری سلێمانیشی وەک شارێکی داھێنەر لە ڕووی وێژەو ئەدەبەوە پیرۆز کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینیستاگرام،   ھەواڵی تۆمارکرانی ناوی سنەی وەکو شارێکی داھێنەر لە ڕووی موسیقاوە لە ڕێکخراوەی یۆنێسکۆدا پیرۆزبایی کردو ناسێندرانی شاری سلێمانیشی وەک شارێکی داھێنەر لە ڕووی وێژەو ئەدەبەوە ھەر لە لایەن ئەم ڕێکخراوە جیھانییەوە  پیرۆز کرد.

ناوبراو لە پەیامەکەی دا خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕیوە بە تۆمار کرانی ناوی سلێمانی بۆ نێو لیستی شارە داهێنەرەکانی یۆنێسکۆ و وتوویەتی: ئەمە جێی شانازییه‌ و زۆر خۆشحاڵى کردم.

بارزانی ھەر بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە وێژەوانان و نووسەرانی شاری سلێمانی کرد.

لە درێژەی پەیامەکەش دا ھاتووە: ستایش و پێزانینی خۆشمان بۆ ھونەرمەندانی بەڕێزی شاری سنەی ئازیزیش دەردەبڕین کە وەک شارێکی داھێنەر لە ڕووی موسیقاوە ھەڵبژێردراوە.

پێشتریش سەرۆکی پەرلەمان وەزیری ڕۆشنبیری و ھونەری ھەرێمی کوردستانیش لە پەیامگەلێکی جیاجیادا لە شاری سنە بە بۆنەی تۆمارکرانی ناوی لە یۆنێسکۆ وەکو شارێکی داھێنەر لە ڕووی موسیقاو ھەروەھا لە شاری سلێمانی لە بەر ناسێندرانی وەک شارێکی داھێنەر لە ڕووی وێژەو ئەدەبەوە لەم ڕێکخراوە جیھانییەدا پیرۆزباییان کرد بوو.

رۆژی رابردوو  لە رۆژی جیهانیی شارەکاندا کە ساڵانە لە ٣١ی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت، رێکخراوی یونسکۆ ٦٦ شاری جیهانی خستە نێو لیستی شارە داهێنەرەکانی جیهانەوە، کە یەکێکیان سلێمانییە و وەکوو شاری ئەدەب دەستنیشانی کردووە و ئەوی دیکەشیان سنەیە وەک شاری داهێنەر لە موسیقادا.