بۆ پشتیوانی کردنی کوردانی سوریا ، دەرمانەکانی تورکیاش لە هەرێمی کورڕستان بایکۆت کران
دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە زیادکردنی بازنەی بایکۆت کردنی کاڵا و بەرهەمەکانی وڵاتی تورکیا ، دەستیان داوەتە بایکۆت کردنی دەوا ودەرمان و کاڵا پزیشکیەکانی سازکراوی تورکیاش .
بە پێی راپۆرتی کوردپرێس ، دوای دەسپێکی هێرشی بەرفراوانی سەربازیی تورکیا بۆ سەر کوردانی سوریا کە زیانی مرۆیی قورس و ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە دانیشتوانی ئەم ناوچانەی بەدواوە بوو ، دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەم دەسدرێژیە و بۆ داکۆکی کردنی کوردانی سوریا، دەستیان دایە بایکۆت کردن و نەکڕینی کاڵا و راژەکاریەکانی تورکیا و کەمپەینی جۆربەجۆر لە شارەکانی هەرێم بەرپابووە .
ئەم کەمپەینانە تادێ زیاتر دەبن و لە کاتێکدا کە سەرەتا تەنیا خۆراک و پۆشاک و کەلوپەلی نێو ماڵی دەگرتەوە ، ئێستا شارومەندانی هەرێم و ناوەندە دەرمانی وپزیشکیەکان ، دەرمان و کاڵای پزیشکیی و پاکو خاوێنیی سازکراوی تورکیاشیان بایکۆت کردووە و نایکڕن .
ئەوە لە کاتێکدایە کە رێکخراوی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان باسی دابەزینی سەتی حەفتای سەردانی شارومەندانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەکات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە هێرش و دەسدرێژیی ئەم وڵاتە بۆسەر کوردانی سوریا .