تورکیا بۆردومانى چوار قەزاى هەرێم دەکات
فڕۆکە جەنگیەکانى تورکیا بە بیانوى بونى ئەندامانی پەکەکە لەیەک کاتدا پێنج ناحیەى سەر بەچوار قەزاى سنورى هەولێر و سلێمانى بۆردومان دەکەن و بەهۆى بۆردومانەکانیشەوە زیانێکى ماددى زۆر بەر خەڵکى ئەو ناوچانە کەوتوە.
به پێی راپۆرتی (سبەی):سەعات (10:30)ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بەنزمى بە ئاسمانى قەزاى رواندزدا سوڕانەوە و بۆردومانى چیاى کارۆخ و چیاى هەڵەموندیان کردوە لەسنورى ناحیەى وەرتێ، بەپێى زانیارى سەرچاوەکانی بنارى چیاى کارۆخ، فڕۆکە جەنگیەکانى تورکیا سێ شوێنیان کردوەتە ئامانج. لەگەڵ بۆردومانەکانى چیاى کارۆخ، گەلى بەدران و ناودەشت لەبنارى قەندیل لەسنورى ناحیەى سەنگەسەر بۆردومان کراون.هاوکات لەگەڵ بۆردومانى سنورەکانى قەزاى رواندز و پشدەر، فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆردومانى چیاکانى سنوورى ناحیەى حاجى ئۆمەران و ناحیەى سمێلانیان کرد لە سنوری قەزاى چۆمانى دەڤەرى باڵەکایەتى، بۆردومانى ناحیەى سمێلان و چیاى کۆپى کونەکۆترى گرتوەتەوە و زیاتر لە نۆ جار چیاکە بۆردومانکراوە.هێرش و پەلامارەکانى تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆردومانەکانى بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق کەمکردبووەوە، بەڵام ماوەى دو هەفتەیە بۆردومانەکان بەچڕى دەستیان پێکردۆتەوە.