ئەگەری رێکەوتنی هەولێر و بەغدا لە پرسی نەوتدا
سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە نەوتی هەرێم رادەستی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکرێتو لەڕێگای بەندەری جەیهانی تورکییەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت .
بە پێی راپۆرتی شارپرێس ، هەرێمی کوردستان لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠وە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، ئەمەش ئاماژەکانی گەیشتنە رێککەوتنی هەردوولا بەهێز کردووە.
غەزبان لەچاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ تەلەفزیۆنی "عەهد"ی عێراقی وتی: داهاتی ئەو نەوتەی لەڕێگای بەندەری جەیهانەوە دەفرۆشرێت بۆ گەنجینەی حکومەتی فیدراڵ دەگەڕێتەوە .
لەچوارچێوەی بودجەی ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ی حکومەتی فیدراڵی، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا لەسەر ئەوە رێککەوتن، کە بەرانبەر بە رۆژانە رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە بەغدا، حکومەتی عێراقیش موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات .
ئەو وەزیرە عێراقییە وتیشی: یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ سەبارەت بە ماف و بەرپرسیاری هەردوولا زۆر روونە، بەڵام هەرێم لەمساڵدا هیچ برە نەوتێکی رادەست نەکرد .
سەبارەت بە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ غەزبان وتی: ئەوە لە بودجەی ساڵی داهاتوو دەگۆڕێت و ئەو بە بەرپرسانی سۆمۆی وتووە، کە لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە خۆیان بۆ وەرگرتنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم ئامادە بکەن.
ئەمە قسانە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە هەولێرو بەغدا لەسەر ئاستی لیژنە لاوەکییەکان گفتوگۆ دەکەن و ئەو گفتوگۆیانە هەنگاوی باشی بەئاڕاستەی گەیشتنە رێککەوتن بڕیوە.
هەروەها بەم نزیکانە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی عێراق دەکاتو ئامانجیش لەسەردانەکە گەیشتنە رێککەوتنی کۆتاییە لەسەر ئەو کێشانەی لەنێوانیان هەیە.
چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستانو عێراق لەسەر چەند پرسێک ناکۆکیان هەیە، بەتایبەتی پرسی نەوتو بودجە، بەڵام ماوەیەکە هەردوولا جەخت دەکەنەوە، کە دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن بۆ چارەسەری ئەو کێشانە.