کانونی یه‌که‌م 26, 2019 18:58 Asia/Tehran
  • ئاماری مەترسیدار لەسەر رەوشی بەندیخانەکانی هەرێمی کوردستان  دەخرێتەرو

تۆری دادپەروەری بۆ بەندییەکانی هەرێم ئاشکرای دەکات کە پرۆسەی چاکسازی لە بەندیخانەکان شکستی هێناوە، چونکە تاوانباری دوبارە و سێ بارە هەیە و تاوانبارەکانیش بەپێی تاوانەکان جیاناکرێنەوە

رۆژی 26/12/2019 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕاپۆرتی دادپەروەری بۆ بەندییەکان تایبەت بە ڕەوشی بەندیخانەکان بڵاوکرایەوە و شوان سابر سەرۆکی تۆری دادپەروەری بۆ بەندییەکان وتی: بەپێی راپۆرتی ئامادەکاری بەدواداچون بۆ ڕەوشی بەندییەکان لە کوردستان و عیراق بەندیخانەکانی عیراق زۆر جەنجاڵن کە 8 تا 10 بەرامبەر توانای خۆی بەندی تێدایە، 85%ی باڵەخانەی گرتوخانەکان شیاوی ژیانی بەندییەکان و دامەزراوەی چاکسازی نین لە روی روبەر و گونجاندن."

وتیشی،"لە%100ی چاکسازییەکانی کوردستان و عیراق پۆلێنی تاوانکاران لێک نەکراونەتەوە، هەمو بەندیخانەکان لەگەڵ ئەوەی کە خۆراک دابین دەکەن، بەڵام پێوەری تەندروستی دابین ناکەن، 35%ی بەندییەکان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، هەروەها لە روی فەرمانبەرانەوە بەبێ پێوەر دانراون کە تایبەتمەندنین."

ئاماژەی بەوەشکرد،"90%ی ئەوانەی لە بەندیخانەکاندان هیچ سودیان لێوەرناگیرێت، 35%ی بەندیخانەکان ماددەهۆشبەرەکانیان تێدا گیراوە. 35%یان حاڵەتەکانی دوبارە و سێبارە و چواربارەی ئەنجامدانی تاوانی تێدایە. کە ئەوەش نیشانەی شکستی پرۆسەی چاکسازییە."

لەبارەی خاڵە ئەرێنییەکانی ناو بەندیخانەکانیش شوان سابر وتی: 97%ی شوێنەکان کراونەتەوە بە روی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان بۆ چاودێریکردن، هەروەها 100%ی دەستگیرکراوان بە یاسا گیراون، هەمو بەندیخانەکان پێداویستی پاک و خاوێنی و خواردن لەسەر ئەرکی دەوڵەت دابین دەکات، تیمی تەندروستی و توێژەری کۆمەڵایەتیان هەیە. ئەمە وێڕای سەردانی بەردەوام و ئازادیی پەیڕەوی ئاییینی.