ئاب 30, 2020 19:56 Asia/Tehran
  • شاندی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەی یاسای بودجەی 2021ی عێراق دەچنە بەغدا

شاندێکی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتی هەریەک لە وەزارەتی دارایی و پلاندانان دەکەن، بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەی یاسای بودجەی 2021ی عێراق دەچنە بەغدا، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش رایدەگەیەنێت دەبێت تا 15ی 10 پرۆژە یاساکە ئامادەکرابێت و بخرێتە بەردەست پەرلەمان.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای خەندان، شاندەکەی هەرێم کە شاندێکی تەکنیکین و نوێنەرایەتی هەریەک لە وەزارەتی دارایی و پلاندانان دەکەن، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژەی یاسای بودجەی 2021ی عێراق چونەتە بەغدا و بڕیاریشە دو وەزیری هەرێم سەردانی بەغدا بکەن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر بڕگە و ماددەکانی پرۆژە یاساکە بکەن.

لای خۆشیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند،"لەئێستادا کات نەماوە و دەبێت شاندی هەرێم بچنە بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراق، چونکە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی دەبێت تا 15ی 10ی پرۆژە یاساکە تەواو کرابێت و لە پەرلەمان بێت، بۆیە تەنها مانگێک و 15 رۆژ کات ماوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکەی هەرێم لەگەڵ لیژنەی داراییش کۆدەبنەوە، بەڵام تا 3ی ئەیلول لە پەرلەمان پشوە، دوای ئەو کاتە شاندەکە لەگەڵ هەمو لیژنەکانی هەرێم و حکومەتی بەغدا دادەنیشن.

سەرپەیڤ