کوژرانی پێشمەرگەیەکی پارتی لە شەڕەکەی نێوان پێشمەرگە و پەکەکە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i390364-کوژرانی_پێشمەرگەیەکی_پارتی_لە_شەڕەکەی_نێوان_پێشمەرگە_و_پەکەکە
لە ئەنجامی شەڕە تەقەی شەوی رابردوو لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەر رێگەی گوندی دێرەشێی سەر بە قەزای ئامێدی لە رۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆک پێشمەرگەیەک کوژرا و سێ کەس لە ھێزەکانی پەکەکە برینداربوون.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی یه‌که‌م 14, 2020 11:31 Asia/Tehran
  • کوژرانی پێشمەرگەیەکی پارتی لە شەڕەکەی نێوان پێشمەرگە و پەکەکە

لە ئەنجامی شەڕە تەقەی شەوی رابردوو لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەر رێگەی گوندی دێرەشێی سەر بە قەزای ئامێدی لە رۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆک پێشمەرگەیەک کوژرا و سێ کەس لە ھێزەکانی پەکەکە برینداربوون.

بە پێی راپۆری میدیای وێستگە نیوز، کاتژمێر 10 و نیوی شەوی رابردوو لە سەر رێگەی گوندی دێرەشێ کە دەکەوێتە بناری چیای گارە، شەڕەتەقە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی پەکەکە روویدا.

بەپێی زانیارییەکان ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەر رێگەی گوندی دێرەشێی سەر بە قەزای ئامێدی کەمینێکیان دانابوو، ئۆتۆمبێلێکی ھێزەکانی پەکەکەش ھاتووە و لەو کەمینە تێپەڕیوە و نەوەستاوە لە ئەنجامدا شەڕ لە نێوانیاندا دروستبووە.

ھەر بەپێی زانیارییەکان دوای ئەو شەڕە تەقەیەی نێوان پێشمەرگە و گەریلاکانی پەکەکە کە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 خولەک بەردەوام بووە پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوە و سێ گەریلاش برینداربوون.

دوای ئەو شەرەتەقەیە بۆ ماوەی 15 خولەک رێگەی ھاتوچۆ لە نێوان ناحیەی دێرەلۆک و قەزای ئامێدی داخراوە و دواتر ھاتوچۆ ئاسایی بوەتەوە.