بریکاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم و سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبونەوە
بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی لەسلێمانی کۆبۆوە.
بە پێی ھەواڵێکی پی یوو کەی میدیا ، لەدیدارێکدا لەگەڵ سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڕۆژی شەممە لەشاری سلێمانی و لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەڕێوەچوو،دوا قۆناغەکانی بەنێودەولەتیکردنی مەرزی سەیران بەن تاوتوێکران.
ئەوەش خرایەڕوو کەبەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی سەیران بەن ڕەزامەندی فەرمی لەحکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق و کۆماری ئیسلامی بۆ وەرگیراوە.
لەوتەیەکیدا مەهدی شوشتری سەر کونسوڵی کۆماری ئیسلامی لەسلێمانی خۆشحاڵی خۆی و وەفدی یاوەری دەربڕی بۆ سازدانی دیدارەکە و ستایشی هەوڵەکانی لیوا چەتۆ ساڵح بڕیکاری ناوخۆی هەرێمیشی کرد بۆ هەنگاوەکانی لە مەوپێشی کە ھەڵیگرتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی نێوان مەرزەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی .
لەتەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەنگاوە کرداریەکان کرا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی سەیرانبەن.
تەئکیدیش کرا: لەڕێی بەنێودەولەتیکردنی مەرزی سەیران بەن دەتوانرێت هەلی کار بۆ خەڵکێکی زۆر لەهەرێمی کوردستان دەستەبەر بکرێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەناوچەکە قۆناغێکی دیکە بۆ پێشەوە ببرێت.