ئەندامێکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان: سهرۆکایهتیهکانى هەرێم تەماشاکەری داگیرکارییەکانی تورکیان
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان باس لەوە دەکات، قەوارەی هەرێم و خاکەکەی و خەڵکەکەی لەژێر مەترسی داگیرکاری تورکیایە و پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکی هەرێمیش تەماشاکەرن.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "ناکرێت ببینین خەڵک بەبێ پاداشت و تەنها لەبەر ژینگە دۆستی و مرۆڤ بوونی خۆی بەکۆمەڵ و تاک خەریکی دارچاندن و ئاگاداری سروشتن، بەڵام بەڕۆژی ڕووناک ببینین تورکیا بەرهەمەکانیان تاڵان دەکات".
ئەو پەرلەمانتارە لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی: "قەوارەی هەرێم و خاکەکەی و خەڵکەکەشى لەژێر مەترسی داگیرکاری تورکیایە و پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکی هەرێمیش تەماشاکەرن، ئەگەر لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم بەهانەکەی دوورخستنەوەی مەترسیە لە سنوورەکانی، تاڵانی داری دارستانەکانى هەرێم بەهانەکەی چییە؟".
ناوبراو جەخت دەکاتەوە بێدەنگی لەئاست ئەمکارە نامرۆڤانەیە لای ئێمە قبووڵنەکراوە، حکوومەتێک نەتوانێت پارێزگاری لە خاکی هەرێمەکەی بکات دەبێت چ ئومێدێکی لەسەر هەڵچنین.
بۆ بەرگری کردن لەتێکدانی سروشتی هەرێم لەلایەن سوپای تورکیا و بڕینەوەی درەختەکانی کوردستان، ئاشنا عەبدوڵڵا دەڵێت: "هەموومان دەبێت هەوڵەکانی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ ئاگادارکردنەوەی حکوومەتی عێراق و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان".