یەکێتی لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکەوە داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی لە گەڵ پارتی دەکات
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای زیندووکردنەوەی خاڵێکی ڕێککەوتنەکەیان لە پارتی دەکات، کە تایبەتە بە دانانی کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، کە پێشتر لەگەڵ ئەو حزبە وەکو یەکێک لە مەرجەکانی بەشداریکردنیان لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەم دیارییکردبوو.
لە دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، پۆستی پارێزگاری کەرکوک لای کورد نەماوە، لە دوو هەڵبژاردنی دوای ئەو ڕووداوانەش دا کورد زۆرینە بووە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش زۆرترین دەنگ و کورسیی لە پارێزگاکە هێناوە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، جگە لە پارتی، ڕێککەوتن کە کاندیدێکی کورد بۆ ئەو پۆستە دابنێن، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە پارێزگارێکی کورد – یەکێتی دابنرێت.
بەپێی ھەواڵی میدیایەکی ھەرێمی کوردستان ، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، یەکێتی باسی زیندووکردنەوەی ئەو خاڵەیان کردووە و ڕایانگەیاندووە، ئەوان پێشتر ڕێککەوتنیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کردووە، کە لەنێو خاڵەکاندا بەڕوونی باسی دانانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کراوە، کە وەکو یەکێک لە مەرجەکانی بەشداریکردنی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمدا دانراوە.
سەرچاوەکە وتیشی، پێویستە لەگەڵ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، کار بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد – یەکێتی بکرێت بۆ شوێنگرتنەوەی راکان جبوری.