کانونی دوھەم 05, 2022 18:37 Asia/Tehran
  • پارتی و یەکێتی: پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ

کۆبوونەوەی لیژنەی پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، دەستوور و کۆمیسیۆن کۆتایی هات، بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشیان، هەردوولا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێ.

ڕۆژی چوارشەممە شاندێکی پارتی  لەگەڵ شاندێکی یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی ئامادەسازی نیشتمانی و تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر میکانیزمە یاسایی و سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکرێت.

هەروەها کۆک بوون لەسەر ئەوەی پێکەوە کار بۆ بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە هەڵبژاردن بکەن و حەوتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام دەبن.

بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە بەپێی رێککەوتنی سیاسیی 5ی 3ی 2019ـی نێوان هەردوولا و  کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەی هەردوو حیزب بەگیانی برایەتی و تەبایی هەنگاوە پێویستیە کرداری و یاساییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان بهاوێژرێن.

پێکهاتەی هەردوو شاندەکە لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردنەکانە، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوور، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان و هەڵبژاردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و راپرسییە.

سەرپەیڤ