پارتی و یەکیەتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار رێک نەکەوتن، یەکیەتی دوا بڕیار ئەدات
یەکێتی و پارتی هەردولایان سوورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و بارزانی بە فەرمی داوای ئەو پۆستەی لە یەکێتی کردووە و ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکیەتی کۆتا بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدات.
دوێنێ یەکشەممە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لەسەر پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کۆبونەوە و بەپێی زانیارییەکان لەسەر ئەو پرسە نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن.
بە پێی ھەواڵێکی میدیای شارپرێس بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی باڵاوە ، لە کۆبونەوەکەدا بارزانی بە فەرمی داوای پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی لە بافڵ تاڵەبانی کردووە و وتویەتی با ئەم خولە ئەو پۆستە بەر پارتی بکەوێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، بافڵ تاڵەبانی، ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە و سووربوونی یەکیەتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دوپاتکردووەتەوە و وتویەتی: ئەو پۆستە پشکی یەکێتییە.
جەختکردنەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەکاتێکدایە، یەکێتی بەرهەم ساڵەح و پارتی هۆشیار زێباری بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە، پێدەچێت هەمان سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە ببێتەوە و پارتی و یەکێتی هەر یەکەو بە کاندیدێکەوە بچنە هۆڵی پەرلەمانی عێراق.
بە گوێرەی ھەواڵەکە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر ئەو پرسە کۆبووەتەوە و وابڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکیەتی بۆ پەسەندکردنی بڕیارەکانی کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆببێتەوە و کۆتا بڕیار لەسەر پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بدات.
لە کۆبونەوەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتی ، کە قوباد تاڵەبانیش لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەشدارییکردووە، کۆدەنگییەک ھەبووە لەسەر ئەوەی کە پێداگربن لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکە و سەرخستنی کاندیدەکەیان.