سەرۆکی فراکسیۆنى یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق: هیچ لایەنێک ناتوانێت بەبێ لایەنەکەی بەرامبەر حکومەت پێک بهێنێت
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتىی نیشتیمانی لەپەرلەمانى عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە عیراق بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت و لە وەھا ھەل و مەرجێکیش دا دیارە پرەنسیپی سازان باشترین رێگایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «هەرێم کەمال ئاغا» سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتىی نیشتیمانی لەپەرلەمانى عێراق لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاندووە: هیچ لایەنێک بەتەنیا ناتوانێت ڕێژەی یاسایی تەواوبکات و بە بێ لایەنەکەی بەرامبەری حکومەت پێک بهێنێت .
ئاماژەى بەوەش کردووە، قۆناغی دوای دەرچوونی بریاری دادگای فیدڕالی جیاوازە لە قۆناغی پێش دەرچوونی بریارەکە .
سەبارەت بەدۆسیەی نەوتیش «هەرێم کەمال ئاغا» جەختی لەوە کردووەتەوە کە، پێویستە حکومەتی هەرێم لە پاڵ شاندی سیاسی تیمێکی هونەری لە پسپۆڕانی بواری یاسا و نەوتیش پێک بهێنێت ولە دانوستانەکان دا بەشدار بن.
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتىی نیشتیمانی لەپەرلەمانى عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە، عیراق لە ئێستادا بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت و دیارە لە وەھا ھەل و مەرجێکیش دا پرەنسیپی سازان باشترین رێگایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.