ته‌مووز 21, 2022 19:30 Asia/Tehran
  • بافڵ تاڵەبانی : با حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان روبەڕوی ئەو پێشهاتە نەخوازراوانە ببنەوە کە ئاسایشت و سەقامگیریی خەڵکەکەی روبەڕوی مەترسی کردوەتەوە

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: با حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئەو پێشهاتە نەخوازراوانە ببنەوە کە ئاسایشت و سەقامگیریی خەڵکەکەی روبەڕوی مەترسی کردووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «بافڵ تاڵەبانی» سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی تۆپبارانەکەی سنوری زاخۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەزاندنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئیدانە دەکات و داواش لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکات رووبەڕووی ئەو پێشهاتە نەخوازراوانە ببنەوە کە ئاسایشتی نیشتمانی و سەقامگیریی خەڵکەکەی روبەڕوی مەترسی کردووەتەوە.

«بافڵ تاڵەبانی» ڕۆژی چوارشەممە لە پەیامەکەی دا باسی لەوەشکرد کە: پرسە و هاوخەمیی قوڵی خۆمان ئاڕاستەی کەس وکاری قوربانیان و شەهیدانی روداوەکەی سنوری ئیدارەی زاخۆ دەکەین و هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ئاماژەی بەوەشکرد،بەزاندنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و چەندبارەبوونەوەی تۆپباران و هێرشەکانی سوپای تورکیا و بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان ئیدانە دەکەین. داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانیش دەکەین رووبەڕووی ئەم پێشهاتە نەخوازراوانە ببنەوە کە ئاسایشتی نیشتمانی و سەقامگیریی خەڵکەکەی رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، رووبەڕووبوونەوە و رێگریکردن لەم هێرشانە پەیوەستە بە هەڵوێستی نیشتمانی و یەکگرتویی هەمولایەکەوە و دەبێت کۆدەنگی نیشتمانی بەرامبەر ئەم روداوانە دروست بکرێت.

پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ سوپای تورکیا تۆپبارانی سنوری ناوچەی زاخۆی کردکە لەئەنجام دا هەشت کەس کوژران و ٢٦ کەسیش برینداربوون کە ژمارێکیان ژن و منداڵن.

سەرپەیڤ