ئادار 15, 2023 23:57 Asia/Tehran
  • بارزانی:کاتی ئەوەیە لە عێراق پێکەوە هەمومان بە ڕوانگەیەکی هاوبەشەوە سەیری داهاتوی ئەم وڵاتە بکەین

«بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە وتارێکدا لەدیداری سلێمانی رایگەیاند: کاتی گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و ئازایانە و کاتی ئەوەیە لە عێراق پێکەوە هەمومان بە ڕوانگەیەکی هاوبەشەوە سەیری داهاتوی ئەم وڵاتە بکەین، لە هەرێمی کوردستانیش دەبێت بە گیانی یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی، کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان:«بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە وتارێکدا لەدیداری سلێمانی رایگەیاند:لە یادی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، سەری ڕێز لەبەردەم گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە دادەنوێنین، هەموومان قەرزاری قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجەین، ساڵانێک بوو کارێکی زۆرمان کرد بۆ کردنی هەڵەبجە بە پارێزگا، بۆ ئەوەی قەرەبو بکرێتەوە و خزمەتی خەڵکەکەی بکرێت.

وتیشی: داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەم بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و برینداران، هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بایەخدان بە هەڵەبجە و قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی، هەنگاوێکی دەستوری و پاڵپشتیکراون بە بڕیارەکانی دادگا بەرامبەر بە تاوانبارانی ڕژێمی پێشوی عێراق، ئەوە کارێکی تەواو دەستوری و یاسایییە کە بۆ خەڵکی هەڵەبجە بکرێت.

باسی لەوەشکرد:ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی پشتیوانی لە حکومەت و هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیی عێراق دەکەین، لەوکاتەوەی کە دەستی بەکار کردووە، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکهنانی حکومەت وەک نەخشەڕێگەیەک، هەوڵی داوە دۆخی ئارامی سیاسی لە عێراق دروست بکات، هیوادارین ئەو ڕێککەوتن و یاسایانەش جێبەجێ بکات، ئەو ڕێککەوتنەی کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا کرا، بۆ هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کارێکی زۆر باشە و جێگەی دەستخۆشییە.

«بارزانی» ئەوەشی خستەڕوو، 20 ساڵ بە سەر "پرۆسەی ئازادیی عێراق"دا تێپەڕی و ئەم دیدارە دەرفەتێکی باشە بۆ هەڵسەنگاندنێکی گرنگ کە سودی هەبێت بۆ داهاتو، بەڵام زۆر گرنگە هەڵسەنگاندن دوور بێت لە تۆمەتبارکردنی یەکتر لەسەر شکستەکان، چونکە ئەمە شێوازێکی بەسود نییە و هەمومان لە شکستەکاندا بەشدارین، هەموشمان پێکەوە لە سەرکەوتنەکاندا بەشدارین، 20 ساڵی ڕابردو، وێڕای هەموو کەموکوڕییەکان، جیاواز بوو لە سەردەمی دیکتاتۆری، لانیکەم خەڵکی عێراق ئازادیی بەکار‌هێنا بۆ نیشاندانەوەی زیندویی خۆی لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد،زۆر کەس، هەرێمی کوردستان بە جێبەجێنەکردنی دەستور تۆمەتبار دەکەن! دوای (20) ساڵ ناڵێین ئێمە لە هەرێمی کوردستان بێ هەڵە بووین، هەمومان لە عێراق هەڵەمان کردوە، بەڵام دەبێ سود لە هەڵەکانی ڕابردو وەربگرین. دوای (20) ساڵ دەبێ هەموومان بەر‌پرسیاریەتیی هاوبەش هەڵبگرین و چارەسەرێکی مامناوەندیی وا بدۆزینەوە کە هەموان لەم وڵاتەدا خۆیان بە سەرکەوتو بزانن لە پرۆسەی سیاسیدا.

ئەوەشی روون کردەوە، "مەترسییەکی دیکە لە عێراق، پشتبەستنە بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکیی داهات، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، هەوڵە خێراکانی گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە و شێوەی ژیان لە جیهان، ژیانی خەڵکی عێراق لە داهاتودا دەکەوێتە ژێر مەترسییەکی یەکجار گەورەوە. بەتایبەتیش کە ژمارەی دانیشتوانی زۆر گەورە دەبێت و زیاتربونی بەشی بەکارخستن لە بودجەدا، ئەرکی حکومەتی فیدراڵی زۆر قورس کردوە، عێراق پێویستی بە پلانێکی ستراتیژی و پرۆژەی زۆر و جیاوازە، دەبێ پارەیەکی زۆر لە پرۆژەی ستراتیژیدا خەرج بکات بۆ ئەوەی وڵاتەکە بە سەلامەتی بۆ ژیان بمێنێتەوە، بەڵام خەرجکردنی داهات لە موچە کە ئەویش بەشی هەرە زۆری بۆ کڕینی پێداویستییەکان دەچێتە دەرەوە، وادەکات مەترسییەکە زیاتر ببێت".

وتیشی:دەبێت عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، پێکەوە کار بکەن، بەرپرسیاریەتیی هاوبەش هەڵبگرن. ئامانج و ئەجێندایەکی کۆکەرەوەی نیشتمانیی عێراقی کە بەرژەوەندیی باڵای وڵات بپارێزێت، هەمومان کۆبکاتەوە، هەمو پێکهاتەکان لە هەر نەتەوە و ئایین و مەزهەبێک بن، دەبێت هەست بکەن عێراق وڵاتی خۆیانە. دەبێ  ئیرادە و بڕیار و سەروەریی عێراق و عێراقییەکان، پارێزراو بێت، له دۆخی ئێستای سیاسی و ئەمنی و ئابوریی‌ ناوچەکە و جیهاندا. کاتی ئەوەیە لە عێراق پێکەوە هەمومان بە ڕوانگەیەکی هاوبەشەوە سەیری داهاتوی ئەم وڵاتە بکەین".

باڵاترین کاربەدەستی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە، لە هەرێمی کوردستان دا دەبێت بە گیانی یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی، کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەین، لەمبارەیەوە هەوڵ و هەنگاوەکانی لایەنە سیاسییەکان بۆ نەهێشتنی تەگەرەکانی بەردەم هەڵبژاردن، دڵخۆشکەرن، ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کار و هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ تێپەراندنی کێشە و ناکۆکییەکان، پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی وادەی هەڵبژاردن دیاری بکەین و پرۆسەکە لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.

سەرپەیڤ