محەمەد حاجی مەحمود: نزیکەی شەش ملیۆن کورد لە هەرێمی کوردستان چاویان لە هەنگاوەکانی یەکێتی و پارتیە
«محەمەد حاجی مەحمود» سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەپەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی راگەیاندو وتی:نزیکەی شەش ملیۆن کورد لە هەرێمی کوردستان چاویان لە هەنگاوەکانی یەکێتی و پارتیە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق، «محەمەد حاجی مەحمود» لەپەیامێکدا بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان ڕایگەیاند: جەژنی ڕەمەزان، جەژنی بەڕێکردنی مانگی خێر و خۆشی و بەرەکەتە، ئومێدەوارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و ئاشتی و کۆتایی ھێنان بە گشت کێشە و ناکۆکی و دڕدۆنگییەک، لەبەرامبەردا، خۆشەویستی و لەئامێزگرتن و پێکەوەیی ببێتە جێگرەوەی ھەموو ناکۆکییەکان لە نێوان تاک و کۆمەڵ و ھێزە سیاسییەکاندا.
جەژن بکەنە دەرفەتێک بۆ گەشکردنەوەی تەبایی و یەکڕیزی و پێکەوەیی نێوان لایەنەکان
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتێکدا جەژنی ڕەمەزان پیرۆزدەکەین، کە وڵات و ناوچەکەمان بە دۆخێکی ھەستیار و چارەنوسساز و یەکلاکەرەوەدا تێدەپەڕێت، بۆیە داوا لە ھێز و لایەنە سیاسییەکان بە تەواوی ھزرو بۆچوونی جیاوازیانەوە دەکەین، جەژن بکەنە دەرفەتێک بۆ گەشکردنەوەی تەبایی و یەکڕیزی و پێکەوەیی نێوان لایەنەکان وەک بنەمایەک بۆ خزمەتی ئامانجە ھاوبەش و بنەماییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ پیرۆزباییمان بۆ تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان و موسوڵمانانی جیھان، ئەم بۆنە پیرۆزە دەکەینە دەرفەت تا داوا لە تەواوی ھێزە سیاسییەکان بەتایبەت یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەکی گشتی لە ھەولێر یان سلێمانی و ئامادەین بۆ میواندارییان لە دوای جەژن بۆ ئەو کۆبوونەوەیە و قسەکردن لەسەر دۆخ و گۆڕانکارییەکان و ئەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوانەی کە لە داھاتوودا ڕوو دەدەن.
نزیکەی شەش ملیۆن کورد لە هەرێمی کوردستان چاوی لە هەنگاوەکانتانە
محەمەد حاجی مەحمود وتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانییان لە ئەستۆیە، نزیکەی شەش ملیۆن کورد لە هەرێمی کوردستان چاوی لە هەنگاوەکانیانە، بۆیە هەرچی زووترە دەبێ کۆبونەوەیەکی گشتیی داگری سەرجەم هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەڕێوە بچێت بۆ باسکردن و هەڵسەنگاندنی ئەگەرو گۆڕانکارییەکان و ئەو بارودۆخەی کە باسکراوە، هەروەها داواکارین چاوێک بخشێنرێت بە دۆسیەی زیندانیانی کوردستان و لێبوردنیان بۆ دەربکرێت.