تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی ئەمدواییەیدا لە هەرێمی کوردستان، ١٠ بنکەی داناوە
بە پێی ڕاپۆرتی دوو ڕێکخراوی کوردستان واچ و تیمە ئاشتیپارێزەکان، تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی ئەمدواییەدا لە هەرێمی کوردستان ١٠ بنکەی سەربازیی تازەی داناوە و نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر پێشڕەوی کردووە.
دوو ڕێکخراوی کوردستان واچ و تیمە ئاشتیپارێزەکان ئاشکرایان کردووە کە سوپای تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی تازە لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق و بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە دەستی داوەتە خاپوور کردنی گوندەکان و ڕۆنانی بنکەی سەربازیی تازە و سەقامگیر کردنی هێزەکانی لە چیا سەخت و سەخڵەتەکانی ئەم ناوچەیە و ١٠ بنکەی سەربازیی داناوە و دەستی گرتووە بە سەر ناوچەگەلێکی تازەی پارێزگای دهۆکدا. بە پێی ڕاپۆرتی ئەم دوو ڕێکخراوەیە لەم ئۆپەراسیۆنەی تورکیادا ١٠ گوند بە تەواوەتی چۆڵ کراون و نزیکەی ٧٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە زەوی و زار و مەزرا و لەوەڕگەکانی ئەم ناوچەیە بە هۆی ئاگرکەوتنەوە تیاچوون.
دوو ڕێکخراوی کوردستان واچ و تیمە ئاشتیپارێزەکان هەروەها وشدارییان داوە کە تورکیا هەروەها بەنیازە لەم ناوچانە دارشتی حەشیمەتی و دیموگرافی بگۆڕێ. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکا لقی کوردستانی عێراق، ئەنجامی پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەم شێوە بووە: ٩ گوند بە تەواوەتی چۆڵ کراون، ١٨٤ بنەماڵە ئاوارە بوون، زیاتر لە ١٧٠٠٠ هیکتار زەوی و زاری کشت و کاڵ و دارستان لە ئاگردا سووتاون، کلێسەیەک، کارگەیەک، ئۆتۆمبیلێک، دوو سەرچاوەی ئاو و ١٩ ماڵی شاروومەندانی مەدەنیش کاول کراون.