ڕووداوەکانی جیهان لەسەد چرکەدا 22-11-2024
کاتی بڵاوبوونەوە 11:30
شەهیدبوونی ١٨ کەس لە غەززە لە ماوەی چەن کاتژمێری ڕابردوودا
کەناڵی ئەلجەزیرە ڕاپۆرتی دا؛ لە ئانوساتەکانی بەرەبەیاندا و لە پەلامارەکانی سوپای تیرۆر، ١٨ کەس لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی غەززە شەهید بوون.
هێرشی مووشەکیی حیزبوڵا بۆ سەر کەنداوی حەیفا
میدیا ئیسراییلییەکان باسی زرینگانەوەی ئاژیری وشدار لە شاری "کریۆت"یان کردووە کە لە باکووری حەیفا هەڵکەوتووە و هەروەها بیسترانی دەنگی چەن تەقینەوەیەکی هەژێنەریش.
گالانت و نەتانیاهوو ڕێگە نادرێنە ١٢٠ وڵات
دوابەدوای دەرکرانی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی داد دژ بە سەرۆک وەزیران و وەزیری شەڕی پێشووی ڕژێمی زایۆنی، هاتنی نەتانیاهوو و گالانت بۆ ١٢٠ وڵاتی جیهان قەدەغەیە.
بڕیارنامەی سیاسیی ئاژانس دژ بە ئێران پەسەنکرا
بڕیارنامەی سیاسیی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانس دژ بە ئێران بە ١٩ دەنگی ئەرێنی، ١٢ دەنگی بێ لایەن و ٣ دەنگی نەرێنیی پەسەنکرا.
کاردانەوەی ئێران بە بڕیارنامەی دژە ئێرانیی ئەنجومەنی بڕیاردەران
دوابەدوای دەرکرانی بڕیارنامەی ئەنجومەنی بریاردەران، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران فەرمانی هەڵگیرانی هەنگاوگەلێکی بنیاتنەری دەرکرد، لەوان وەڕێخستنی کۆمەڵێک سانتریفیوژی نوێ و پێشکەوتوو لە هەموو مۆدێلێکی جۆراوجۆریدا.
٩٩%ی سەرژمێریی کەرکووک ئەنجام دراوە
پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند کە ۹۹.۴۸%ی حەشیمەتی ئەم پارێزگایە سەرژمێری کراوە و بەم زوانە دەگاتە ١٠٠%.
٩ ساڵ بەند بڕدرایەوە بۆ شارەداری وەلانراوی جولەمێرگ
"مەهمەت سدیق ئاکیش" شارەداری وەلانراوی جولەمێرگ بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تاوان بە نوێنەرایەتی لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستییەوە" و "بنپێکردنی یاسای کۆبوونەوە و ڕێپیوان"، ٩ ساڵ بەندی بۆ بڕدرایەوە.
مووشەکی ئۆرشنیک شوێندۆزی ناکرێ
سەرۆک کۆماری ڕووسیا شەوی رابردوو ڕایگەیاند؛ سیستەمەکانی بەرەڤانیی مووشەکیی ئێستا، لەوان سیستەمە ئەمریکاییەکانی سەقامگیر لە ئەورووپا، توانای شوێندۆزیی مووشەکگەلێکی وەک ئۆرشنیکیان نییە.