بەردەوامیی پێشڕەوییەکانی سوپای سووریا لە شاری دەیرۆزوور
سوپای سوریا لە درێژەی پێشڕەوییەکانی لە دەیرۆزووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی گرت بە سەر شارۆچکەکانی «الشولا» و «تله علوش» لە باشوری ڕۆژاوای ئەم شارەدا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ یەکەکانی سوپای سووریا بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمان و پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا توانییان وێرای دەس گرتن بە سەر شارۆچکەی «الشولا» لە دەڤەری «السخنه» ی دەیرۆزوور و هێندێک لە بەرزایی و ناوچەکانی گردوپەڕی، ژمارێک لە تیرۆریستانی داعش لە نێو بەرن
هێزەکانی سووریا هەروەها وێڕای ڕزگار کردنی پێنج ئاوایی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی حومس( ناوەڕاست و ڕۆژاوای سووریا) لەوانە «جب الجراح» لە ژێر ڕکێفی تیرۆریستان، بڕێکی زۆر چەکی قورس و تفاقی سەربازی و هاوەنیان لە نێو مەتەرێزی تیرۆریستانی داعشدا دۆزییەوە و دەستیان گرت بە سەریاندا.
یەکەکانی سوپای سووریا لە ئەنجامی هەڵمەتێکدا بۆ سەر مۆڵگە و ناوچەکانی سەقام گرتنی تیرۆریستانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی حومس گوندەکانی «ابوقاطور»، «ابولیه» و «جب حبل» یان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکە «جب الجراح» کۆنترۆڵ کردەوە.
لە لایەکی ترەوە لە هەڵمەتی رزگار کردنی ئاواییەکانی «رسم حمیده»، «الهبره الغربیه» و کۆمەڵێک تەپۆڵکە و چیای باشووری ڕۆژهەڵاتی جب الجراح ، ژمارەیەکی زۆرلە تیرۆریستان کوژران ویاخۆ بریندار بوون.
هاوکات هێزەکانی سووریا بڕێکی زۆر چەکی قورس و تفاقی سەربازیی دیکەیان لە بنکە و حەشارگەکانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی «سلمیه»ی حومس دۆزییەوە و دەستیان بە سەردا گرت.
هەواڵێکی دیکە لە سووریا دەربڕی ئەوەیە کە «لؤی حسین» سەرۆکی ڕەوتی بەرهەڵستکاری «بناء الدوله»ی سووریا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە تێکشکێندرانی گەمارۆی دەیروزور بە هۆی هێزەکانی سوپای ئەم وڵاتەوە، لەمەڕ بەردەوامیی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا لە داهاتووی سیاسیی ئەم وڵاتە دڵنیایی دەربڕی.
جێگای ئاماژەیە سێشەممەی رابردوو بە چوونی هێزەکانی سوپای سووریا و هێزەکانی خۆڕاگری بۆ نێو بنکەی تیپی ١٣٧، لە ڕۆژاوای شاری دەیروزور، گەمارۆی زیاتر لە سێ ساڵانی ئەم شارە بە تەواوتی هەڵگیرا. شاری دەیرۆزوور ناوەندی پارێزگای دەیرۆزوور لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، نزیکەی سێ ساڵ و دووم مانگ لە گەمارۆی داعشدا بووە.