فەیسەڵ میقداد : ئەمریکا پشتی داعش دەگرێت و دوژمنی سووریایە
جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە تاقمی تیرۆریستی داعش بە پشتیوانیی واشێنگتۆن شارەکانی سووریای داگیر دەکرد ، ڕاشکاوانە وتی: ئەمریکا دوژمنی سووریایە.
فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا شەوی دووشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی مەیادینی لوبنان ڕایگەیاند: ئەمریکییەکان لە ئاراستەی لایەنگری لە تیرۆریستان ژێرخانەکانی سووریایان کاول کرد.
جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا وتیشی : وا باشترە ئەمریکییەکان بە ڕێزی خۆیانەوە لە سووریا دەرچن، ئەگینا دیمەشق وەک داگیر کەر لەگەڵیاندا هەڵس و کەوت دەکات.
فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا تیشکی خستەسەر پێکدادانەکانی دەیرۆزوور و وتیشی: پاڵپشتیی ئەمریکا لە چەکدارانی داعش بووە هۆی زاڵ بوونیان بە سەر دەیرۆزووردا.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بە گەییشتنی هێزەکانی سوپای سووریا و هێزەکانی خۆڕاگری بە بنکەی تیپی ١٣٧ی ڕۆژاوای شاری دەیروزور هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەمارۆی زیاتر لە سێ ساڵانی ئەم شارە کە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامی گرتبوو بە تەواوەتی تێکشکێندرا.
جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا بە دەربڕینی ئەمەی کە دەیرۆزوور ناوچەیەکی ستراتژییە کە سووریا دەباتەوە سەر عێراق، وتیشی: ئەمریکا حەز ناکات سووریاو عێراق پێکەوە لە پەیوەندی دابن.
فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا هەروەها تیشکی خستە سەر لایەنگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و ڕووسیا لە سووریا لە شەڕی دژی تیرۆریزم و وتیشی: دیمەشق ستایشمەندی ئێران و حیزبوڵڵاو ڕووسیایە.
قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەوە لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە لەوانە تورکیا لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە و گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کراوە.
ئەمریکاو چەند وڵاتی هاوپەیمانی خۆی، لە مانگی ئوتی ساڵی 2014 بە بیانووی خەباتی دژی تاقمی تیرۆریستی داعش بەدەر لە چوارچێوەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و بە بێ هاواهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا هاوپەیمانییان پێک هێنا.
ئەم هاوپەیمانییە ئەمریکییە هەتا ئێستا زۆرێک لە شارومەندانی بێ دەرەتانی سووری و عێراقییان لە پارێزگا جۆربەجۆرەکانی ئەم دو وڵاتە لە خاک و خوێن دا گەوزاندووە. ژمارەی قوربانییە سڤیلەکانی هێرشی پەیتاپەیتای هێزەکانی هاوپەیمانیی بەناو دژی داعشی ئەمریکی لە دوو وڵاتی عێراق و سووریا گەییشتووەتە نزیکەی حەوتسەد کەس .
ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ئەمریکاو هاوبەشە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە بۆ خۆیان لە پێکهێنەران و دابینکەرانی سەرەکیی دراڤ و چەک و چۆڵی تاقمە تیرۆریستەکان و لەوانە داعش دێنە ئەژمار.
جێگای ئاماژەیە هێزەکانی سووریا بە یارمەتیی بەرەی خۆڕاگری لەماوەی مانگەکانی ئەم دواییە توانیویانە زەبرێکی قورس لە تیرۆریستان بوەشێنن.