ئەسەد: ئێمە داکۆکی لە وتووێژی سیاسی هاوکات لەگەڵ خەباتی دژ بە تیرۆر دەکەین
سەرۆک کۆماری سووریا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە پێداگری لە سەر خەباتی دژ بە تیرۆر، داکۆکیش دەکات لە وتووێژی سیاسی و ئاشتی و ئاشتەوایی نیشتمانی.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "بەشار ئەسەد" ڕۆژی پێنجشەممە لە دیداری "ئەلێکساندەر لاورێنتیەف" Alexander Lavrentiev نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە کاروباری سووریا لە دیمەشق پێی داگرت: دەوڵەتی سووریا بەنیازە بە بەردەوام کردنی شەڕی دژ بە تیرۆر لە لایەکەوە و وتووێژی سیاسی و پەرەسەپێدانی ئاشتی و ئاشتەوانی نیشتمانی لە لایەکی دیکەوە، چڕ بکاتەوە سەر مەسەلەی چاکسازی لە یاسای بنەڕەرتی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی.
"بەشار ئەسەد" وتیشی: سەرکەوتنەکانی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانیان لە پاکتاو کردنەوەی خاکی سووریا لە دیاردەی دزێوی تیرۆریزم، هێدی هێدی بوار چێ دەکات بۆ چالاکی سیاسیی زیاتر؛ بەتایبەت ئەوەی کە دەوڵەتی سووریا ئێستایش هەر ڕوانگەیەکەی پۆزتیڤی هەیە بەرامبەر بە هەرچەشنە گەڵاڵەیەک کە بتوانێ پێش بە خوێنڕشتن لە سووریا بگرێ و ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاسایش و پاوەجێی بۆ وڵاتەکەمان و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەستەبەر بکات.
"ئەلێکساندەر لاورێنتیەف" نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە کاروباری سووریایش لەم دیدارەدا وتی: مۆسکۆ ئێستایش هەر سوور و پێداگرە لە سەر بەردەوام کردنی داکۆکییەکانی لە دەوڵەتی سووریا لە شەڕی دژ بە تیرۆر و لەگەل ئەوەش داکۆکی دەکات لە پرۆسەی سیاسی بۆ دەسڕاگەیشتن بە چارسەر کرانی قەیران لە سووریا بە مەبەستی پاراستنی یەکپارچەیی و گەڕانەوەی هێوری و ئاسایش بۆ ئەم وڵاتە.