دەرکرانی زیاتر لە 250 بنەماڵەی سوریایی لە ئیمارات
حکومەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا ، زیاتر لە 250 شارومەندی سوریایی دانیشتووی ئەم وڵاتەی لە گەڵ بنەماڵەکانیان لە ئەبووزەبی دەرکرد .
بە پێی راپۆرتی ئەلجەزیرە ، ئیدارەی پۆلیسی ئەششەهامە لە ئەبووزەبی پێتەختی ئیمارات ، بە بانگکردنی ئەم سورییانە ، پێی راگەیاندوون شیاوەتیی مانەوە لە ئیماراتیان نیە و دەبێ لە ماوەی 24 کاژێردا خاکی ئەم وڵاتە بە جێبێڵن .
بە وتەی ئەم سەرچاوانە ، زۆربەی ئەو سوریانەی کە لە ئیمارات دەرکراون خەڵکی دیر زوون و راپۆرت گەلێکیش لە بارەی ئەشکەنجە و ئازاری ئەم شارومەندانە و پەلامار بۆسەر ماڵی هەندێ لەوان ، بڵاوبووەتەوە .
ئەوە لە کاتێک دایە کە هەندێ لەم بنەماڵە سوریانە لە بیست ساڵ لەمەوبەرەوە لە ئیمارات ماونەتەوە .
بەرلەوەش ، ئیمارات نزیکەی 50 بنەماڵەی سوریایی کە زۆربەیان لە دانیشتوانی درعا بوون ، بێ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوەیان ، لەم وڵاتە دەرکرد کە بەدوای ئەوەدا ، زۆرێک لە مافەوانان ، ئەم هەنگاوەی ئەبووزەبیان بە هەوڵێک زانی بۆ خۆدزینەوە لە وڵامدانەوەی یاسایی یان مرۆڤ دۆستانە و رایانگەیاند : ئەم هەنگاوەی ئیمارات لە دژی بنەماڵە سوریاییەکان نایاساییە .