ڕوانگەی ڕێبەری: ئەزموونی باشی هاوکاریی ئێران و ڕووسیا لە سووریا
https://kurdish.sahartv.ir/news/syria-i313720-ڕوانگەی_ڕێبەری_ئەزموونی_باشی_هاوکاریی_ئێران_و_ڕووسیا_لە_سووریا
حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئێوارەی چوارشەممە لە دیداری "ڤیلادیمیر پوتین"ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا پێی داگرت: ئەزموونی باشی هاوکاری لە سووریا ئەوەی دەرخست کە ئامانجی هاوبەشمان دێتە دی.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی دووه‌م 02, 2017 10:49 Asia/Tehran
  • ڕوانگەی ڕێبەری: ئەزموونی باشی هاوکاریی ئێران و ڕووسیا لە سووریا

حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئێوارەی چوارشەممە لە دیداری "ڤیلادیمیر پوتین"ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا پێی داگرت: ئەزموونی باشی هاوکاری لە سووریا ئەوەی دەرخست کە ئامانجی هاوبەشمان دێتە دی.

حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی لەم دیدارەدا ڕایگەیاند: تێکشکانی هاوپەیمانیی ئەمریکایی پشتیوانی تیرۆریستان لە سووریا ڕاستییەکەی حاشاهەڵنەگرە بەڵام ئەوان ئێستایش هەر خەریکی پلان داڕشتن و پیلانگێڕین، کەوایە چارەسەر کرانی تۆکمە و تەواوی قەیرانی سووریا پێویستی بە بەردەوام بوونی هاوکاریی پتەو و چڕ و پڕە.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ، خۆڕاگریی هاوبەشی ئێران و ڕووسیا بەرامبەر بە تیرۆریستانی تەکفیریی داکۆکی کراو لە لایەن چەن وڵاتی بیانییەوەی بە خاوەنی ئەنجام و ئاکامێکی گرینگ هێنایە ئەژمار و فەرمووی: پێکهاتەی زۆر باش و خۆڕاگریی هاوبەشی تاران و مۆسکۆ بەرامبەر بە فیتنە  و گەندەڵیی تیرۆریستان لە سووریا، پڕمانایە و بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕووسیا لە پرسەکانی ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیادا کارتێکەر ببێ.

هاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا لە سووریایش هەم لە بواری مەیدانی و هەم لە گۆڕەپانی سیاسیدا، هاوکارییەکی باش و مانادار بووە و دواهاتی ئەرێنی هەبووە.
بە هاتنی هێزی سەربازیی ڕووسیا بۆ سووریا لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە و هاوکات دەوری کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوکێشە سیاسی و مەیدانییەکانی سووریا گۆڕدرا. ئەزموونی باش و بنیاتنەری هاوکاریی هاوبەشی تاران و مۆسکۆ، ئەمڕۆ سووریای گەیاندۆتە ئاستێکی باش و جم و  جۆڵی تیرۆریستانی داعش تەنیا بە ناوچەیەکی دەیروزور لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرتەسک بۆتەوە.

بەرەی ئێران و ڕووسیا بە هاوکاریی دەوڵەتی سووریا و هێزەکانی خۆڕاگری، بەرەی ڕاستینەی خەباتی دژ بە تیرۆریزم پێک دێنێ و ئەم بەرەیە بە کردەوە پیلانی ئەمریکا،  ئیسراییل و هاوپەیمانەکانیان لە سووریای پووچەڵ کردۆتەوە.

جم و جۆڵی نایاسایی ئیسراییل لە سووریا بە پەلاماری بەردەوامی ئاسمانی و مووشەکی بۆ سەر سووریا، هەوڵ بۆ ئەوەیە وا بنوێنێ کە لە ڕووداوەکانی ئەم وڵاتەدا دەستی هەیە، بەڵام ڕاستییەکەی ئێستا ئەنجامی هاوکاریی بنیاتنەری ئێران و ڕووسیا، کەوتنە پەراوێزی ئیسراییل، ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان لە هاوکێشەکانی سووریادایە.

ئەزموونی هاوکاریی ئێران و ڕووسیا لە سووریا، ئەم وڵاتەی کردووە بە هێزێکی لێهاتوو و کارامە لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم و هاوکات هاوپەیمانیی ئەمریکایی لاگری تیرۆریستان ئێستایش هەر جم و جۆڵی تێکدەرانەی لە بەرنامەیی خۆیدا هەیە. هەوڵ بۆ پارچە پارچە کردنی خاکی سووریا، گواستنەوەی سەرکردەکانی داعش و دەکارهێنانی سیاسییانەی مەسەلەی بەکارهێنانی مادەی شیمیایی لە سورویا بە مەبەستی وەبن گوشار نانی دەوڵەتیی یاسایی بەشدار ئەسەد"، لەو پیلانە توشیی شکست هاتووانەی ئەمریکاییە کە بۆ داکۆکی لە تیرۆریستانی نێو سووریا دایڕشتیبوون.

"شوعەیب بەهمەن" کارناسی پرسەکانی ڕووسیا شەوی پێنجشەممە لە وتووێژ لەگەل تەلەڤزیۆنی ئێران، بە ئاماژە بەوەی کە سووریا خەریکە لە ڕۆژانی هەستیار و چارەنووس سازی خۆی نزیک دەبێتەوە، وتی: سەفەری "ڤیلادمیر پوتین" بۆ تاران هەڵگری ئەم پەیامەیە کە هاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا  لە سووریا و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەر بەردەوام دەبێ و ئەم هاوکارییانە جگە لە مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، مەسەلەی چارەسەر کردنی کێشە و قەیرانەکانی سووریایش دەگرێتەوە.

هاوکاریی ئێران و ڕووسیا بۆ چارەسەر کردنی قەیرانیی سیاسیی سووریا هەم هاوپەیمانیی ئەمریکایی خستۆتە پەراوێزەوە و دانوستانی ئاستانەیش بە دەر لە ویست و ورەی ئەمریکا بە دەسپێشخەریی ڕووسیا و ئێران، باروودۆخی سیاسیی سووریای گەیاندۆتە ئاستێکی باش.

بنەما و پرەنسیپی سەرەکی لە دانوستانی ئاستانە، پێداگری لە سەر گرینگایەتیی دەوری جەماوەری سووریا لە بڕیاردانی یەکجاری بۆ سیاسەتی وڵاتەکەیانە. هەر لەم چوارچیوەدا "ڤیتلادمیر پوتین" لە دیداری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و داکۆکی لە دەوڵەتی "بەشار ئەسەد"ی بە یەکێک لە پرەنسیپەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا زانی و وتی: هەرچەشنە ڕووداو و گۆڕانکارییەک لە سووریا دەبێ لە ناوخۆی ئەم وڵاتەوە ئەنجام ببێ.