بەشار ئەسەد: توندترکرانی هەڵوێستی دژە ئێرانی جیا نییە لە شکست هێنانی تیرۆریستان
سەرۆک کۆماری سووریا، وتی: توندترکرانی هەڵوێستی دوژمنکارانە لەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی جیا لە شکست هێنانی تیرۆریستان لە سووریاو ئێراق نییە.
بەشار ئەسەد ئەمڕۆ سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ عەلی ئەکبەر وەلایەتی ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروبارە نێودەوڵەتییەکان لەدەمشق جەختی کرد: توندترکرانی هەڵوێستی هەندێ وڵاتی ناوچەو رۆژاوا لەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان بۆ ناجێگیرکردنی وڵاتانی دیکەی ناوچە، جیا نییە لە پرۆسەی بنبڕکران و شکست هێنانی گرووپە ڕەشەکوژەکان لە سووریا و ئێراق.
سەرۆک کۆماری سووریا وتی: ئەو کردە دوژمنکارانە قەت ڕێگر نین لەبەردەم درێژەی چالاکی بۆ جێگیرترکردنی سەقام و هێمنی لەناوچەو بەرەڤانی لە بەرژەوەندیی خەڵکەکەیان.
بەشار ئەسەد وتی: شەڕێک کە سوپای سووریاو هاوپەیمانەکانی لەگەڵیدا بەرەوڕوون، تەنیا لەگەڵ تیرۆریزمدا نییە، بەڵکوو لەدژ ئەو هەوڵ و کۆششانەیە کە بەئامانجی سوود وەرگرتن لە تیرۆریزم و کەڵک وەرگرتن لەو، بۆ پارچە پارچە کردنی وڵاتان ولاوازکردنیان ئەنجام دەگرێ.
عەلی ئەکبەر وەلایەتیش لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: پاوەجێی خەڵکانی سووریا و گیان بەخت کردنیان لەنزیک حەوت ساڵ شەڕێکدا کە لەگەڵ سووریا هەڵایساوە، بەرەکەتی زۆری بووە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامی سیاسی سووریا.
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروبارە نێودەوڵەتییەکان وتیشی: بەرەی خۆڕاگریی واتە ئێران، ئێراق، سووریاو لوبنان ئەمڕۆ لایەنی هەقیان گرتووەو ڕووسیاش لەتەنیشت ئەوان دایە.
وەلایەتی هەروەها بەئاماژە بە شکستی گەڵاڵەی ئەمریکی -زایۆنیستی پارچە پارچە کرانی ئێراق، خوازیاری هاواهەنگیی زیاتری وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری لەبارەی گۆڕانکارییە ئاڵۆزەکانی ناوچە بوو.
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروبارە نێودەوڵەتییەکان شەوی یەکشەممە پاش کۆتایی سەفەرەکەی بۆ لوبنان و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، لەڕێی سنووری زەوینیی لوبنانەوە گەیشتە سووریا.