فەرماندەیەکی کوردی سووریا: پێشوازی دەکەین لە هاتنی سوپای سووریا بۆ ناوچەی عەفرین
یەکێک لە فەرماندەرانی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) وێڕای پێشوازی لە هاتنی سوپای سووریا بۆ عەفرین، ڕایگەیاند: لەوبارەوە لەگەڵ حکومەتی سووریا ڕێککەوتوون.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ پێنج شەممەی هەواڵدەریی فارس، ئەو فەرماندەرەی گرووپی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ، لقی سەربازیی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا(پەیەدە) لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی هەواڵیی ئەلمەیادین، وتی: پاش خرانەڕووی چەند ڕێکارێک لەلایەن حکومەتی سووریاوەو لەئاراستەی ڕێککەوتنێک کە لەگەڵیدا کردوویانە، پێشوازی دەکەن لە هاتنی سوپای سووریا بۆ سەرانسەری ناوچەی عەفرین. ناوبرا وتیشی: ئەو گرووپە بۆ بەرەڤانی لە خۆی دەستی داوەتە چەک و لەگەڵ حکومەتی سووریا هیچ دوژمنیەکی نییە.
ئەو فەرماندەری گرووپی یەکنیەکانی پاراستنی گەل جەختی کرد: کوردەکان لەکاتی پێویستدا، چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی سووریا دەکەن چونکە ئەو چەکانە، هی حکومەتە.
ئەو بەرپرسەی کورد هەروەها وتی: کوردەکانی سووریا گەڵاڵەی جودایی خوازانەیان نییە بەڵکوو لەهەوڵی هێنانەدی مافەکانیانن لە سووریادا.
ئۆپراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا بۆسەر شاری عەفرین لەپارێزگای حەڵەب لە باکووری سووریا لەژێرناوی چڵە زەیتوون، لەدژ شەڕڤانانی کورد لە شەممە٢٠ی ژانڤییەوە دەس پێ بوو.
دوابەدوای پەلاماری سوپای تورکیا بۆسەر شاری عەفرین، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ، هێرشی هێزەکانی سوپای تورکیا بۆ ئەو شارەی ئیدانەکردو ڕایگەیاند: ئەو کردەیەی تورکیا ، پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی سووریایە.