هێرشی سوپای سووریا بۆسەر مۆڵگەکانی داعش لە پارێزگای دێرەزوور
سوپای سووریا ئەمڕۆ سێ شەممە لانیکەم پێنج ئۆتۆمبیلی گرووپی تیرۆریستیی داعشی لە دەورووبەری شاری ئەلمەیادین سەر بە پارێزگای دێرەزوور(ڕۆژهەڵاتی سووریا) تێکشکاند.
هەواڵدەریی فەرمیی سووریا(سانا) بەگێڕانەوە لە سەرچاوە سەربازییەکان ڕاپۆری دا؛ هەموو ئۆتۆمبیلە تێکشکێندراوەکان بە ڕەشاش تەیارکرابوون.
بەپێی ڕاپۆر وهەواڵەکان، پاش کوژرانی ئەبوولعەبباس سامەڕایی نوێنەری ئەبووبەکر بەغدادی لە سووریا، ناکۆکی نێوان ئەندامانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە شارۆچکەی ئەلشەعەفە لەپارێزگای دێرەزوور قووڵ بووەتەوە.
ئەو ناکۆکییانە، تێکهەڵچوونی چەکدارانەی نێوان ئەندامانی داعشی لێکەوتووەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی دیکە بۆ وێنە ئوزبەکستان، مەغریب، چین و فیلیپینن.
حەوتەی ڕابردوو بەهۆی پەلاماری ئاسمانیی سەر دانیشتنی بەرپرسانی ئوزبەکستانی و تاجیکستانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە شارۆچکەی هێجین لەباشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور، ژمارێک لە ئەندامانی داعش لەوان ئەبوولەعەبباس سامەڕایی، نوێنەری ئەبووبەکر بەغدادی، ئەبوولقەعقاع ئوزبەکی بەرپرسی ئۆپراسیۆنی دەرەوەیی و عەبدوڵڵا تاجیکستانی لە سەرکردەکانی داعش کوژران.
سووریا نزیک بە حەوت ساڵە بەهۆی ئامادەبوونی گرووپە چەکدار وتیرۆریستییەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە کە لەلایەن ڕۆژاوا و ژمارێک وڵاتی ناوچەوە داکۆکی دەکرێن، بەرەوڕووی قەیرانە.