چوونەسەری ژماری کوژراوانی سیڤیلی سووری لە ئەنجامی پەلاماری هاوپەیمانیی ئەمریکی
ژماری خەڵکی سیڤیلی کوژراوی سووری لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی بەناو دژە داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆسەر دەورووبەری دێرەزووری سووریا، بۆ بیست و نۆکەس زیادی کرد.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی فەرمیی سووریا(سانا)؛ فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی بەسەرکردایەتی ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە ، کەمپی ئاوارە سوورییەکان لەناوچەکانی"ظهره العلونی» و «الشفقه »لە گردووپەڕی دێرەزوور هەڵکەوتوو لە رۆژهەڵاتی سووریایان بۆردومان کرد کە بەهۆیەوە، بیست و نۆ کەسی سیڤیلی سووری کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
پێشتر سەرچاوە هەواڵییەکان، ژماری کوژراوانی ئەو پەلامارە ئاسمانییەیان ١٦کەس ڕاگەیاندبوو.
ئەمریکا لەساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، کەسانی سیڤیل و مەدەنی لە سووریاو عێراق کردۆتە ئامانج.
هەرلەوپەیوەندییەدا، گرووپی چاودێریی ئینگلیزیی ناسراو بە "ئەیروارز" کە پەلامارەکانی هاوپەیمانی بەناو نێودەوڵەتیی دژە داعش بەسەرکردایەتی ئەمریکا بۆسەر سووریاو عێراق پێوشوێن دەگرێ، لەم دواییەدا ڕایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی لەساڵی٢٠١٤ـەوە تائێستا لە پەلامارە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکی لەسووریاو عێراق کوژراون.
حکومەتی سووریا چەندین جار بەناردنی نامە بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش داوای لەوان کردووە، کۆتایی بێنن بە تاوانکارییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی لە سووریا.