نیسان 14, 2018 12:27 Asia/Tehran
  • وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەواڵی کۆتایی هاتنی پەلاماری مووشەکیی سەر سووریای ڕاگەیاند

وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە قۆناخی یەکەمی ئۆپراسیۆنی واشنگتۆن، پاریس و لەندەن لە سووریا کۆتایی پێهاتووەو ڕادەی خەساری شیمانەیی بەهۆی ئەو هێرشەوە، تائێستا ڕانەگەیێندراوە.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی ئەلمەیادین، جێمز مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا دوێشەو(هەینی) لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی مووشەکبارانی خاکی سووریا لەلایەن ڕۆژاواوە، وتی کە ئەمریکا، بەریتانیاو فەڕانسە پلانێکی دیکەیان نییە بۆ هێرشی ئاسمانیی تازە بۆسەر سووریاو ڕێوشوێنی داهاتوو لە دەست دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دایە.

جێمز مەتیس بەدانپێدانان بە بەرتەسک بوونی ئامانجە مووشەکییەکان لە سووریا، وتی: "ئێمە هێرشێکی قورسترمان کرد لەچاو پەلاماری مووشەکیی ساڵی ڕابردوو بۆسەر پێگەی ئاسمانیی شەعیرات لە پارێزگای حەمسی سووریا، هەروەها ئەوجارەیان بەتەنیا نەبووین و فەڕانسە وبەریتانیاشمان لەگەڵدا بوون."

وەزیری بەرگریی ئەمریکا، بەئاماژە بەوەی کە لەو ئۆپراسیۆنەدا لەگەڵ ڕووسەکان هاواهەنگی نەکراوە، ئیدیعای کرد: هاوپەیمانەکانمان(فەڕانسە و بەریتانیا) ئامادەن هەتا ڕاگرتنی بەتەواوەتی کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی لەو ئۆپراسیۆنەدا هاوبەشیان هەبێت.

جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکاش کە بەشداری ئەو کۆڕە بوو، ئیدیعای کرد، ئەو ناوەندانەی کراونەتە ئامانج، هاوپێوەند بوون بەتوانای چەکئامێرە شیمیاییەکانی حکومەتی سووریا.

جۆزیف دانفۆرد وتیشی: ئەمریکا ناوەندگەلێکی هەڵبژارد کەئاستی مەترسیی قوربانی بوونی هێزە سەربازییەکانی ئۆپراسیۆنەکە، کەم بکات.

سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا لە شیکردنەوەی ئامانجە لەبەرچاوگیراوەکان بۆ هێرش کرانەسەریان لە سووریا، وتی: یەکەم ئامانج، ناوەندێکی توێژینەوەیی زانستی بوو کە لە دەمشقی گەورەدا هەڵکەوتووە، دووهەم ناوەند، جبەخانەی چەکە شیمیاییەکان لەرۆژاوای حەمس بوو و سێهەم ئامانجیش کە لەتەنیشت ئامانجی دووهەم هەڵکەوتبوو، ناوەندێک بو کە هەماری چەکی شیمیایی و بنکەیەکی سەرکردایەتی گرینگی لەخۆگرتبوو.

سەرپەیڤ