ئەنتۆنیۆ گۆترێش ودانپێدانان بەوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان ناتوانێ قەیرانی سووریا چارەسەر بکات
سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان دانی بەوەدانا کە ئەو ڕێکخراوە توانای چارەسەریی قەیرانی سووریای نییە.
ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەدیمانە لەگەڵ کەناڵی سۆئێدیی ئێس ڤی تی کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاو بۆوە، وتی: بەلەبەرچاوگرتنی ناکۆکییەکانی بەردەم لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان، ئەو ڕێکخراوە لاوازە لەچارەسەریی ئەو گیروگرفتانەی سووریا لەگەڵیاندا بەرەوڕوویە.
ئەنتۆنیۆ گۆترێش وتی: "زۆر ساویلکانەیە کە بیر بکەینەوە ڕێکخراوی نەتەوەکان دەتوانێ بەشێوەیەکی پەرجووئاسا کێشەی سووریا چارەسەر بکات، بەتایبەت بەسەرنجدان بەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بەو بابەتە بەرەوڕووی ناکۆکییە."
ئەو هێرشەی کە وڵاتانی رۆژاوایی بە"شیمیایی" ناوی دەبەن، حەوتی ئاڤریلی٢٠١٨ لە دومای غوتەی ڕۆژهەڵاتیی دەمشق ڕووی دا.
ئەمریکا، فەڕانسەو بەریتانیا١٤ی ئاڤریل بەبیانووی کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی لە دوما هێرشیان کردەسەر سووریاو لە پەنجا خولەکدا زیاتر لە سەت مووشەکیان گرتە پێگە جۆربەجۆرەکان لەو وڵاتە، بەقسەی ڕووسیا بەشی زۆری ئەو مووشەکانە لەلایەن سیتەمی بەرگریی ئاسمانیی سووریاوە تێکشکێندراوە.
سووریا تۆمەت پاڵدانی کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی بەتوندی ڕەت کردەوە، ڕووسیاش، بەبیانوویەکی ساختەی ناوبرد بۆ پاسادانی هێرش کردنەسەر سووریا.