شوبات 03, 2019 12:57 Asia/Tehran
  • گەیشتنی بارێکی نوێی چەکی ئەمریکایی بە حەسەکەی سووریا

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریا ڕایگەیاند: بارێکی گەورەی چەک و کەرەستەی جەنگی ئەمریکایی گەیشتۆتە پارێزگای "حەسەکە" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی ئیرنا؛ چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریا بە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە وتیشی: ئەم بارە ٦٠ لۆریی هەڵگری چەک، کەرەستەی جەنگی و ئامرازی پشتیوانی دەگرێتەوە کە بە گەیشتنە بەرەوەیان، ژماری لۆرییەکانی هەڵگری چەکی ئەمریکایی کە لە ماوەی ٤٨ کاژێری ڕابردوو گەیشتوونەتە خاکی سووریا ، دەگاتە ١٣٠ لۆری.

وێڕای ڕاگەیەندرانی چونەدەری هێزی دەسدرێژکاری ئەمریکایی لە سووریا لە لایەن "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بەڕێ کردنی چەک و کەرەستەی جەنگی بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە لە ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا هەر بەردەوامە.

پێشتریش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئەمریکا بارێکی گەورەی چەک و کەرەستەی جەنگی بەڕێ کردبوو بۆ بنکەیەکی سەربازی لە دەڤەری شاری "کۆبانێ" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی "حەڵەب" و پاشان گەیاندیە دەستی هێزەکانی دیموکراتیکی کوردی سووریا کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانیان لێ دەکرێ.

ئەوە لە کاتێکدایە کە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکایی لە دوایین پەلامارەکانیاندا شەوی ڕابردوو بنکە و مەتەرێزەکانی سوپای سووریایان لە ڕۆژاوای شاری "البوکمال" لە پارێزگای دەیروزور ، هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، بۆردومان کردووە.

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئاگوستی ٢٠١٤ـەوە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش بە بێ هەواهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، هاوپەیمانییەکی بە ناوی نێودەوڵەتییان پێکهێناوە. ئەم هاوپەیمانییە تا ئێستا لە پەلامارەکانی بۆ سەر شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی سووریا ژمارێکی زۆر لە شاروومەندانی بێ تاوانی ئەم وڵاتەیان لە خاک و خوێندا گەوزاندووە.

سەرپەیڤ