سووریا لە نامەیەکدا بۆ «باچلە» : ھەنگاوەکەی ترەمپ لە بارەی جۆلانەوە پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕۆژی چوارشەممە لە نامەیەک دا بۆ «میشل باچەلە» کومەیسەری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، ھەنگاوەکەی ترەمپ لە مەڕ بە فەرمی ناسینی سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییەکانی جۆلانی سوریای بە پێشێلکردنی ئاشکرا جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان زانی.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئیرنا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەم نامەیەدا داوای لە «میشل باچەلە» کومەیسەری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان کردووە کە ھەڵوێستێکی لێبڕاوانە لە بەرامبەر ئەو ھەنگاوە نایاساییەی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی بەرزاییەکانی جۆلانەوە بگرێتە بەر.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا دووپاتیشی لەوە کردووەتەوە کە، ئەمریکا بە پێشێلکردنی مافی نێونەتەوەیی، بە نیازی پشتیوانی کردن لە ڕژێمی ئیسرائیل و ڕەوایەتی بەخشین بە دەست درێژکارییەکانی ئەم ڕژێمەیە.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە لە ھەنگاوێکی دژبە یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و وێڕای پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، بڕیارێکی واژۆ کرد کە بە گوێرەیەوە واشێنگتۆن سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلانی سووریا بە فەرمی دەناسێت.
داناڵدترەمپ ئەم بڕیارەی لە واشێنگتۆن و لەبەردەم بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی دا واژۆ کردووە.
ئەم بڕیارەی ترەمپ لەگەڵ کاردانەوەی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوە.
ڕژێمی زایونی لە ساڵی ١٩٦٧ ، نزیکەی ھەزارو دووسەد کیلومەتری چوارگۆشە لە خاکی سووریای لە بەرزاییەکانی جۆلان داگیر کردو دوای ماوەیەک ئەم ناوچەیەی نووساند بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانەوە. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی قەت ئەم داگیرکارییەی بە فەرمی نەناسیوە.
ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش ئەم ناوچەیەی بە داگیرکراو ناوەزەد کردووە. کەچی دەوڵەتی ئەمریکا پشتیوانی داگیرکارییەکانی ڕژێمی زایونییە.
داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەشەمی دیسامبەری ساڵی ٢٠١٧ی زایینی شاری داگیرکراوی قودسیشی وەکوو پێتەختی ڕژێمی ساختەی ئیسرائیل ناساندو باسی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ قودسی داگیر کراوی کرد کە سەرەنجام ڕۆژی دووشەممە ١٤ی مای ٢٠١٨ لە سای لێنەھاتوویی و خەمساردیی ڕێکخراوەکانی بانگەشەکەری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەی نەتەوەکان ، ئەو بڕیارەی خۆی جێبەجێ کردو باڵوێزخانەی خۆی لە تەلەبیبەوە گواستەوە بۆ قودسی داگیرکراو. ئەم کردەوە یەک لایەنەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی قودسیش شەپۆلی ئیدانەکردن و ناڕەزامەندیی جەماوەریی لە جیهانی ئیسلام ، ئەورووپاو تەنانەت لەنێوخۆی ئەمریکاش دا هەڵایساند.