تشرینی یه‌که‌م 05, 2020 12:34 Asia/Tehran
  • بەشار ئەسەد: حکومەت لەگەڵ لایەنەکانی نزیک لە تورکیا گفتوگۆ ناکات

بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا، باس لە کارەکانی لیژنەی دەستووریی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، "شاندی حکومەت لەگەڵ ئەو لایەنانەدا کۆنابێتەوە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات."

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "زڤێردا"ی ڕوسی دا کە دوێنێ  یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەم پەخشکرا،بەشار ئەسەد ڕایگەیاند، "تورکیا و وڵاتانی هاوکاری، لەوانە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، کاری لیژنەی دەستوورییان بەلاوە گرنگ نییە، ئامانج لە داواکارییەکانیان لاوازکردنی سوریا و دابەشکردنێتی."

سەرۆکی سوریا لەوێوە چووە سەر باسی کارەکانی لیژنەی دەستووریی سوریا و وتی، "لە کاتی بەڕێوەچوونی کارەکانی لیژنەی دەستووری لە ژنێڤ، شاندی حکومەت لەگەڵ ئەو لایەنانەدا کۆنابێتەوە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات و لەبارەی پرسگەلێکەوە دانوستاندن ناکات کە تایبەتن بە سەقامگیریی سوریا."

لیژنەی دەستووریی سوریا، ئامانجی وتووێژ و دانوستاندنە لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی ئۆپوزسیۆنی ئەو وڵاتە دا.

وتەکانی بەشار ئەسەد لەکاتێکدان، ڕوسیا و ئەمریکا پشتیوانی لەوە دەکەن ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) کە باڵی سیاسیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە، بەشداریی دانوستاندنەکانی لیژنەی دەستووریی سوریا بکات.

کۆتایی مانگی ئابی ڕابردوو، دوای گەڕانەوەی شاندی (مەسەدە) لە مۆسکۆ، حیکمەت حەبیب، ئەندامی ئەنجومەنی سوریای دیمورکرات (مەسەدە) ئاشکرایکرد، "لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا گفتوگۆ کرا لەسەر بارودۆخی سیاسیی سوریا بە گشتی و پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکە، هەروەها کاراکردنی دانوستاندنی سوری - سوری تاووتوێکرا".

ئەو ئەندامەی باڵی سیاسیی هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، "وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا پشتیوانیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ باکووری ڕۆژئاوای سوریا لە پرۆسە سیاسییەکانی قۆناغی داهاتوو، چ لە ئاستی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بێت یان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر".

سەرپەیڤ