ڕێبەری شۆڕش: حکومەتانی موسڵمان ڕێگاکانی یارمەتیدرانی ڕژێمی زایۆنی داخەن
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی ڕێ ڕەسمی حەجی ئەمساڵ، حەجی تێکەڵ بە مەعریفەت و وانەکانی بە چارەی ئێش و ئازارەکانی ئەمڕۆی جیهانی ئیسلام هێنایەئەژمار و پێیداگرت: جیهانی ئیسلام پێویستی بە بەکارهێنانی وانەکانی حەجە بۆ وەستاندنی کارەساتەکانی غەززە.
حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ڕێبەری شۆڕش بە ئاماژە بە جەنایەت و دڕندەکارییەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە، گرینگترین ئەرکی حکومەتە ئیسلامییەکانی بە ئەوە زانی کە ڕێگا بگرن لە بەردەوامبوونی کارەسارتی مرۆیی لە غەززە و ئەمریکا وەک پشتیوانی سەرەکیی ڕژێمی زایۆنی بخەنە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی یارمەتی و پاڵپشتییەکانی لەم ڕژێمە ڕاگرێ، داوای لە گەلانیش کرد سوور بن لە سەر بەجێهێنرانی ئەم ئەرکە لە لایەن حکومەتەکانیانەوە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی لەم پەیامەدا سەفەری حەجی بە پرۆسەی کۆچکردن لە ژیانی ئاسایی بەرەو ژیانی تاکانەپەرستی زانی و بە ئاماژە بە بەشە سەرەکییەکانی ژیانی تاکانەپەرستی، فەرمووی: ڕێ و ڕەسمی حەج نموونەی هێمایی ژیانی تاکانەپەرستی لە خۆدا کۆکردۆتەوە و حاجییەکان لەگەڵی ئاشنا دەکات و بانگیان دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئەم جۆرە ژیانە و دەبێ ئەم بانگهێشتە ببیسین، لێی فێر ببین و بە هەموو تواناوە هەوڵ بدەین بۆ بەکارهێنانی وانەکانی .
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی بەکارهێنانی وانەکانی حەجی زیاتر لە هەر کات و ساتی دیکە بۆ جیهانی ئیسلام بە پێویست زانی و بە ئاماژە بەوەی کە حەجی ئیمساڵ دووەم ڕێوڕەسمێکی حەجە کە هاوکات بووە لەگەڵ جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە، بە هێنانە ئارای ئەم پرسیارە کە کێ دەبێ بەرامبەر بەم کارەساتە مرۆییە ڕاوەستێ، فەرمووی: بێگومان حکومەتە ئیسلامییەکان یەکەم بژاردەن بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەرکە و گەلانیش دەبێ حکومەتەکانیان ناچار بە بەجێهێنانی ئەم ئەرکەیان بکەن.
مەقامی مەزنی ڕێبەری ئەمریکای بە هاوبەش و هاودەستی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززەدا زانی و پێیداگرت: حکومەتە موسڵمانەکان دەبێ هەموو ڕێگاکانی یارمەتیگەیاندن بە ڕژێمی زایۆنی داخەن و دەستی جەنایەتکاری ئەم ڕژێمە ببڕن و هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەیش دەبێ حکومەتی زاڵمی ئەمریکا ناچار بکەن بە وازهێنان بە پاڵپشتیکردنی ڕژێمی زایۆنی.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی بە ئاماژە بە خۆڕاگریی بێوێنەی خەڵکی غەززە، مەسەلەی فەلەستینی لە لووتکەی سەرنجی جیهانی ئیسلام و هەموو ئازادیخوازانی جیهان داناوە، راشیگەیاند: پێویستە ئەو کەسانەی دەنگوناویان هەیە و پلە و پێگەیەکیان لە کۆمەڵگادا هەیە، گەلان وشیار و هەستیار بکەنەوە و داخوازەکانی هاوپێوەند بە فەلەستین بەربڵاوتر بکەن و حاجییە بەختەوەرەکانیش داوا لە خوای تاکانە بکەن کە گەلی مەزڵوومی فەلەستین لە شەڕی دژ بە زاڵمانی زایۆنی و پشتیوانانی سەرکەوتوو بن.