50 تانک و زرێپۆشی ئەمریکی سوریایان جێهێشت
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا ئاشکرایکرد، 50 تانک و زرێپۆشی ئەمریکی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە و بە ئاراستەی سنوری عێراق رۆیشتوون.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی سانا، 50 تانک و زرێپۆشی هێزەکانی ئەمریکا، لە رێگەی دەروازەی وەلید-ەوە بە ئاراستەی عێراق رۆیشتوون، لەکاتی ئەو جووڵە سەربازییەشدا رێوشوێنێکی ئەمنیی توند گیراوەتەبەر.
ئەم جووڵەپێکردنەی هێزەکانی ئەمریکا، دوای رۆژێک دێت لە یاداشتێکی کریستۆفەر میلەر وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت، کە رایگەیاندبوو، کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانی ئەمریکا بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵات و کۆتایی بە هەموو شەڕەکان بهێنرێت.
میلەر، کە چەند رۆژێکە لەلایەن ترامپەوە بەوەکالەت کراوەتە وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە یاداشتنامەیەکدا بۆ بەرپرس و کارمەندانی وەزارەتی بەرگری "پێنتاگۆن"، نیازی ئیدارەکەی ترامپی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو.