داخوازیی سووریا لە سەرچاوە نێونەتەوەییەکان بۆ ئیدانەکردنی ھەنگاوەکەی تورکیا لەمەڕ بڕینی ئاو لە سەر خەڵکی پارێزگای «حەسەکە»
سەرۆکی پەرلەمانی سووریا وێڕای ناردنی چەندین نامە بۆ دام و دەزگا نێونەتەوەییەکان، ھەنگاوەکەی تورکیا لەمەڕ بڕینی ئاو لە سەر پتر لە ملوێنێک خەڵکی پارێزگای «حەسەکە» لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئەم وڵاتەی شەرمەزار کرد.
«حەمودە سەباغ» سەرۆکی پەرلەمانی سووریا ڕۆژی چوارشەممە بە ناردنی ٣٧ نامە بۆ «ئانتۆنیۆ گۆتریش» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ، سەرۆکانی یەکێتیی ئەورووپا، یەکێتییە نێونەتوەییەکان و کۆگەی پەرلەمانە ناوچەیی و عەرەبییەکان، داوای لێکردن ھەنگاوەکانی دوژمنکارانەی تورکیا دژی گەل و دەستەڵاتی سووریا لەوانە بڕینی دووبارەی ئاو لە سەر دانیشتووانی پارێزگای «حەسەکە» شەرمەزار بکەن و تەواوی ئامێرەکانی گوشاریش بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوان و دڕندەکارییە نایاسایی و نامرۆڤانەیەی تورکیا دژی گەلی سووریا بەکار بێنن.
سەرۆکی پەرلەمانی سووریا لەو نامانەدا جەختیشی کرد: بەخراپ قۆستنەوەی ئاو لە لایەن حکومەتی تورکیاوە وەک چەکێکی جەنگی دژی خەڵکی سڤیلی سووریا بە مەبەستی وەدی ھاتنی ئامانجی سیاسی و سەربازی بەبێ سەرنجدانی پێداویستییە مرۆڤییەکانی خەڵکی حەسەکە دیارە تاوانێکی جەنگی، پێشێلکاری و دەست درێژکاریی ئاشکراو بەزاندنی تەواوی کۆنوانسیۆن و ڕێککەوتننامەو داب و نەریتە نێونەتەوەییەکان دێتە ئەژمار.