فالح فەییاز نامەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕادەستی بەشار ئەسەد کرد
May 06, 2021 22:09 Asia/Tehran
سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی لە دیداری سەرۆک کۆماری سووریا لە دیمەشق نامەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی پێشکەش کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا«سانا»، «فالح فەییاز» سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی ڕۆژی پێنج شەممە لە دیمەشق لەگەڵ «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سووریا دیداری کردو نامەی «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراقی دایە.
ئەم نامەیە لە بارەی پەیوەندیی دوو قۆڵی و ئەو ھەڵوێستانەیە کە ھەم لە ڕووی سیاسی و ھەم لە ڕووی ئاسایشتییەوە بە تایبەت لە بواری خەباتی دژی تیرۆریزم و ھاوکاریی نێوان دوو وڵات بۆ ھەردووک لا گرینگە.
«بەشار ئەسەد» و «فالح فەییاز» لە دیدارەکەدا لە بارەی ڕەوشتی ناوچەکەو گرینگایەتیی بەردەوامی ڕێکخستن و ڕاوێژی دوو لایەنە لە بواری جۆربەجۆر وتووێژیان کرد.