روسیا داوای بەھاناوەچوونی منداڵانی کەمپی ھۆل دەکات
ڕوسیا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئەو منداڵانە ڕزگاربکەن، کە لەنێو کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکە راگیراون.
بە پێی ھەواڵێکی میدیای ئێستا ، گنادی کۆزمین، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دانیشتنێکی نافەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕۆژی هەینی وتی، “داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ڕزگارکردنی منداڵانی بکەمێتاوان”.
ڕاشیگەیاند، “دەمانەوێت ئەوە بەبیربهێنینەوە، کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، لەنێویشیاندا ڕێککەوتنی مافەکانی منداڵان، وڵاتان پابەندبن بە گەڕانەوەی هاوڵاتیانیان و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ ڕێگری لەوەی منداڵەکانیان بە کەسانێکی بێ ڕەگەزنامە بمێننەوە”.
دوپاتیشیکردەوە، مۆسکۆ هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی ڕوس لەو وڵاتانەی ململانێی چەکدارییان تێدایە، ئەم ڕێوشوێنانە ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە، کە چەکدارکراون، یان باوک و دایکیان لە ڕیزی گروپە تیرۆرستییەکاندا چەکدارکراون.
دیپلۆماتە ڕوسییەکە ڕونیشیکردەوە، سەرەڕای ڕێگرییەکانی پەیوەست بە پەتای کۆرۆنا، لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 145 منداڵ گەڕێندراونەتەوە ڕوسیا، لە ساڵی 2017شەوە 274 منداڵ گەڕێندراونەتەوە، کە تەمەنیان لە 16 ساڵ کەمترە، 122 منداڵیان لە عێراق و 152-یان لە سوریا بوون.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەمپی هۆل تائێستا نزیکەی 60 هەزار کەس لەخۆدەگرێت، کە لەنێویاندا زیاتر لە 31 هەزار منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵ هەن.