سپۆتنیک: وەزیری دەرەوەی سووریا ئەمڕۆ سێ شەممە سەردانی تاران دەکات
ھەواڵدەریی ڕووسیی سپۆتنیک باسی گەشتی ئەمڕۆ سێ شەممەی «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ تارانی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئێران پرێس، سپۆتنیک ڕۆژی دووشەممە وێڕای ڕاگەیاندنی گەشتەکەی «فەیسەڵ میقداد» بۆ پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کرد، وەزیری دەرەوەی سووریا لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پرسی دوو لایەنەو ناوچەیی وتووێژ دەکەن.
گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ ئێران ھاوکات لەگەڵ بەرپاکرانی حەوتەمین دانیشتنی سەرۆکانی ڕەوتی ئاستانە لە تاران ئەنجام دەگرێت.
«حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاھییان» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی سێ شەممە لە توییتێر وێڕای ئاماژە کردن بە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئێران و ڕووسیاو تورکیا لە تاران وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران مەکۆی دیپلۆماسییەکەی گەشەدارە.
حەوتەمین دانیشتنی سەرۆکانی ڕەوتی ئاستانە بڕیارە ئەمڕۆ سێ شەممە بە ئامادە بوونی سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیاو تورکیا لە تاران دا بەڕێوە بچێت.