ئه‌یلوول 21, 2022 10:42 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی بڕینی ئاوی حەسەکەی سووریا لەلایەن سوپای تورکیاوە

سەرۆکی ڕێکخراوی ئاوی حەسەکەی سووریا ڕایگەیاند، لە دوو مانگ لەمەوبەرەوە سوپای داگیرکەری تورکیا ئاوی خواردنەوەی ئەم شارەی بڕیوە.

هێزە داگیرکەرەکانی سوپای تورکیاو بەکرێگیراوە تیرۆریستەکانی ماوەی نزیکەی دوو مانگە ئاوی خواردنەوەی شاری حەسەکەی سوریا و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونی ئەم ناوچەیەیان لە سەر ڕێگای ھێڵی بۆریی ئاو لە وێستگەی «عەلوک» داخستووە، ئەم کارەش نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتیی سووریی لە دەستڕاگەییشتن بە ئاو بێ بەری کردووەو ڕووبەڕووی کێشەو ئاڵنگاریی کردوونەتەوە.

«مەحمود عەکەلە» سەرۆکی ڕێکخراوی ئاوی خواردنەوەی حەسەکە ڕۆژی سێ شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمی سووریا "سانا"، ڕایگەیاند: دابینکردنی ئاو بۆ شاری ئەلحەسەکە و ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونانەی کە بەدرێژایی بۆریی ئاوەکە دروستکراون، ئەوە بۆ پەنجاوپێنج ڕۆژی لەسەر یەک دەڕوات بڕاوە. هاوکات بۆریی ئاو و بۆریی باری نائاسایی پاڵپشتی وێستگەی «عەلوەک» جار جار هێرشیان دەکرێتە سەر و زیانیان پێدەگات.

«عەکەلە» ئاماژەی بەوەشکرد، لەم ماوەیەدا ناوەندەکانی پەمپکردنی ئاو نەیانتوانیوە چالاکیەکانیان دەستپێبکەنەوە و ئاو بۆ بۆریەکان دابین بکەن.

دەوڵەتی سووریا لە ئێستادا بۆ کەم کردنەوەی گرفتی بێ ئاویی خەڵکی ئەو ناوچانەو بە دیاری کراوی شاری حەسەکە لە ھەوڵدایەو ژمارەی وێستگەکانی شیرین کردنی ئاوی بۆ ١٦ وێستگە زیاد کردووە.

سەرپەیڤ