تشرینی یه‌که‌م 18, 2022 09:59 Asia/Tehran
  • فەیسەڵ میقداد: داگیرکارییەکانی ئەمریکا لە سووریا مەترسی لەسەر ئارامی و ئاسایشتی ناوچەکە دروست دەکات

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا له‌ دیدارێکدا له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تایبه‌تی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کان ڕه‌خنه‌ی له‌ درێژه‌ی داگیرکارییەکانی ئه‌مریکاو تورکیا له‌ به‌شێک له‌ خاکی سووریا گرت و خوازیاری ئیدانه‌کرانی بەردەوامیی ده‌ستدرێژییه‌کانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌ی بوو.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمیی سووریا (سانا)، "فەیسەڵ میقداد"، وەزیری دەرەوەی سووریاو "گییەر پێدەرسۆن" نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەم وڵاتە، ڕۆژی دووشەممە لە دیمەشق پێکەوە کۆبوونەوەو تاوتوێی پێشهاتەکانی سووریا و پرسە هاوبەشەکانی ھاوپەیوەندیان کرد.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، «فەیسەڵ میقداد» لەم دیدارەدا جەختی کرد: داگیرکردنی بەشێک لە خاکی سووریا لەلایەن ئەمریکا و تورکیاو لە لایەک و ، بەردەوامیی داگیرکارییەکانی جۆلان لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل و هێرشی دووبارەی ئەم رژێمە بۆ سەر خاکی سووریا لە لایەکی دیکەوە، سەروەریی سووریا و یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوەکان پێشێل دەکات و ئاشتی و ئاسایشتی ناوچەکه دەخاتە مەترسییەوە.

میقداد جەختی لەوەش کردەوە کە: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بە پێی ئەو بڕگانەی لە جاڕنامەی ئەم رێکخراوەیەدا هاتووە رۆڵی خۆی لەم بوارەدا بگێڕێت.

"گییەر پێدەرسۆن"یش لە دیدارەکەیدا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە گەشتەکانی ئەم دواییەی بۆ ژمارەیەک وڵات و هەروەها ئەو هەوڵانەی کە بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکیی کارەکانی لیژنەی دەستووری سووریا دراون، پێشکەش کرد.

ئەم کاربەدەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە جەختی لە بەدواداچوونی هەوڵەکان کردەوە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆڤی بەگەلی سووریاو بەردەوامیی دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوارەکان و ئەو کەسانەی کە ناچار بوونە بەرەو ناوچە جیاجیاکانی نێوخۆی سووریا کۆچ بکەن، چ لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سووریاو یان ناوچەگەلێکی دیکەو ئینجا وتیشی: گەییشتن بەم ئامانجە بەبێ پێشکەوتن لە پرۆسەی سیاسی دا سەر ناگرێت.

سەرپەیڤ