تشرینی دووه‌م 24, 2022 11:56 Asia/Tehran
  • مەزڵوم کۆبانێ: «بایدێن» لە جەنگەی بانگەوازی ھەڵبژاردندا وتی خەیانەت لە کورد ناکات، وەک چۆن ترەمپ کردی

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) لە گلەو بناشتێکدا بەرامبەر بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا،ڕایگەیاندووە:«جۆ بایدێن» لەکاتی بانگەوازی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە کە ئەگەر ببێت بە سەرۆک کۆمار خەیانەت لە کورد ناکات وەک چۆن «دۆناڵد ترەمپ» بە کشاندنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا، کردی.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی «پۆلیتیکۆ»ی ئەمریکیەوە، «مەزڵوم کۆبانێ»،فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سوریای دیموکرات(هه‌سه‌ده‌)داوای لە«جۆ بایدێن» سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە کە بەڵێنەکانی بۆ پاراستنی کوردو سەرەکی ترین هاوپەیمانی واشێنگتۆن دژی داعش لە سوریا جێبەجێ بکات، ئەویش لەرێگەی گوشارخستنەسەر ئەنقەرە بۆ راگرتنی هێرشی سەر ناوچەکانی باکوری سوریا کە بەهۆیەوە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش زیاتر دەبێت.

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، کورد داوا لە «جۆ بایدێن»، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکات،هێرشی شیمانەیی تورکیا لە ڕێگای وشکانییەوە بۆسەر ناوچەکوردنشینەکانی سووریا رابگرێت، چونکە بەردەوامیی ئەو هێرشانە دەبێتەهۆی پەک کەوتنی ھەڵمەتەکانی دژی تاقمی تیرۆریستی داعش.

بەقسەی «مەزڵوم کۆبانێ»،ھەتائێستا هەڵوێستەکانی ئەمریکا نەبوونەتە هۆی راگیرانی هێرشەکانی تورکیا، بەڵکو «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»ی سەرۆک کۆماری تورکیا توندتریش بووەتەوەو لە ئێستادا بەپاساوی تەقینەوەکەی ئەستەمۆڵ، هەڕەشەی هێرشی زەوینی بۆ سەر باکوری سوریاش دەکات.

«مەزڵوم عەبدی» ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە،«جۆ بایدێن» لەکاتی بانگەوازی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا جەختی لەوە دەکردەوە کە گوایە ئەگەر ببێت بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئیدی خەیانەت لە کورد ناکرێت وەک چۆن«دۆناڵد ترەمپ»ی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا بە کشاندنەوەی ھێزی وڵاتەکەی لە باکوری سوریا کردی و بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس ئاوارەو ھەڵوەدا بوون.

جێگای ئاماژەیە دوێنێ «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە باکووری سووریا و عێراق تەنیا بە هێرشی ئاسمانی سنووردار نابن و ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانیش لە کاتی گونجاودا ئەنجام دەدرێن.

سەرپەیڤ