بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا کەوتە بەر هێرشی خۆفڕ
بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا کە دەکەوێتە ناوچەی سەرسنووریی سوریاو ئۆردۆن و عێراقەوە بە هۆی خۆفڕەوە کرایە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، گرووپی ناسراو بە «ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ» ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بنکەی «ئەلتەنف»ی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە دەکەوێتە ناوچەی سێگۆشەی سنووری نێوان سووریا و ئۆردۆن و عێراقەوە بە ھۆی چەند خۆفڕێکی نەناسراوو لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە هێرشی کراوەتە سەر.
بە پێی ئەم ڕاپۆرته ، ئەم هێرشە بووەتە هۆی زیانی گیانی لە نێو ڕیزەکانی بەناو سوپای ئازادی سوریاو دوابەدوای ئەوەش ھێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
سەرکردایەتیی سوپای ئەمریکا لەم بارەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوەو تیای دا ڕایگەیاندووە، سێ خۆفڕ پێگەکانی هێزەکانمانی لە ناوچەی «ئەلتەنف» لە سوریا کردووەتە ئامانج. لەم هێرشەدا هیچ سەربازێکی ئەمریکی بریندار نەبووە، بەڵام دوو ئەندامی سوپای ئازادی سوریا بریندار بوونە.
ئەم هێرشە یەکەم هێرشە بۆ سەر ئەو هێزانە لە ماوەی زیاتر لە ٥ مانگدا. لە مانگی ئوتی ساڵی ڕابردوودا، ئەو ناوچانەی لەژێر کاریگەریی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بوون، بە ھۆی ئەو خۆفڕانەی کە ئامانجیان بۆردومانکردنی بنکەی ئەلتەنف بوو،هێرشیان کراوەتە سەر.