شوبات 16, 2023 21:49 Asia/Tehran
  • سودانی بۆ بەشار ئەسەد: عێراق بە ھەموو توانایەکەوە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی سوریا

«سودانی» نامەیەک بە «فاڵح فەیاز»دا دەگەیەنێتە «بەشار ئەسەد» و تیای دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە، عێراق بە ھەموو توانایەکەوە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی بومەلەرزەکە لەسەر سورییەکان.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمی سوریا "سانا"، «فالح فەیاز» سەرۆکی ڕێکخراوەی «حەشدی شەعبی» کە لە ئێستادا سەردانی دیمەشقی کردووە لەگەڵ «بەشار ئەسەد» کۆبووەوەو تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، گەیاندنی نامەیەکی «محەمەد شیاع سودانی» بەسەرۆک کۆماری سوریا بووە.

لە نامەکەدا سودانی سەرەخۆشی لە ئەسەد و گەلی سوریا کردووە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، عێراق بە هەموو توانایەکیەوە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی بومەلەرزەکە لەسەر سوریەکان.

لای خۆیەوە، «فالح فەیاز»یش رایگەیاندووە: گەلی عێراق، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، لە یەکەم ساتەکانی کارەساتەکەوە دەستیان بە کۆکردنەوەی پێداویستی و هاوکاری و فریاگوزاری کرد، بۆ پێشکەشکردنی بە براکانیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا، ئێستاش ڕۆژانە بەردەوامن لە ناردنی ئەم یارمەتی و ھاوکارییانە.

ھەر لە دیدارەکەدا «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری سوریاش ستایشی هەڵوێستەکانی عێراقی کرد لەسەر ئاستی فەرمی و جەماوەری و خێرا وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی سوریای بەهەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد.

«بەشار ئەسەد» ئاماژەی بەوەش کرد کە، یوەندیی خوێن و برایەتیی نێوان گەلانی سوریا و عێراق و ئەو ئاڵنگاریە هاوبەشانەی کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا ڕوبەڕویان بوونەتەوە ، وایکردووە ھەتا ھەردووک وڵاتەکە زیاتر لە یەکتر نزیک بینەوە.

وتیشی: ئاڵووێری پشتیوانی و هاوکاریی نێوان هەردوو گەلی عێراق و سوریا ئەوە دەردەخات کە ئەوەی بەسەر یەکێکیاندا دێت کاریگەری لەسەر وڵاتەکەی دیکەش دادەنێت.

سەرپەیڤ