ئادار 11, 2023 22:04 Asia/Tehran
  • دیمەشق پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عەرەبستان کرد

وەزارەتی دەرەوەی سوریا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان کرد سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بە هەنگاوێک لە ئارستەی پتەوکردنەوەی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە لێکی دایەوە.

لە میانی دانوستانەکانی ئێران و عەرەبستان لە پەکین، ڕۆژی هەینی هەردووک وڵاتەکە دوای حەوت ساڵ لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ببووژێننەوە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی هەردووک وڵاتەکە، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی ئێران و عەرەبستان وێڕای چاوپێکەوتنی یەکتر ئەوپەڕی لە ماوەی دوو مانگدا بەستێن بۆ گۆڕینەوەی باڵوێزەکان و کردنەوەی باڵوێزخانە و هەروەها ڕاپەڕاندنی مەرجەکانی دیکەش بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان خۆش دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی (سانا)، وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئەمڕۆ شەممە بەیاننامەیەکی سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان شانشینی عەرەبستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە بڵاوکردەوە و هەوڵەکانی دڵسۆزانەی سەرۆکایەتیی چینی لەو پێوەندییەدا زۆر بەرز نرخاند.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەکەی دا ڕاشیگەیاند، ئەم هەنگاوە گرنگە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و پێکھاتنی هاوکاریگەلێک کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندیی هاوبەشی خەڵکی دوو وڵات بەتایبەتی و خەڵکی ناوچەکە بە گشتی بێت.

بە پێی ھەر ئەم ڕاپۆرتە، «عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نەهیان» وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش بووژانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانی بە هەنگاوێکی گرنگ لە ئاراستەی سەقامگیری و گەشەسەندنی ناوچەکە وەسف کرد.

عەرەبستان ڕۆژی ٣ی ژانویەی ٢٠١٦، بە بیانووی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانە و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە تاران و مەشهەد، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند.

سەرپەیڤ