ئادار 19, 2023 20:55 Asia/Tehran
  • بەشار ئەسەد: میدیاکانی دوژمن سەرکەوتنی گەلان بەراوەژوو پیشان دەدەن

سەرۆک کۆماری سوریا ڕەخنەی لە هەوڵەکانی ڕاگەیاندنی دوژمن گرت بۆ پیشاندانی وێنەیەکی ساختەو درۆینەی شکستی گەلان لە بەرەکانی شەڕ و گەمارۆکان دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی سووریا (سانا)، «بەشار ئەسەد»، سەرۆک کۆماری سووریا ڕۆژی یەکشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەمینداریەتی کۆنگرەی پارتە عەرەبییەکان جەختی لەوە کردەوە کە میدیاکانی دوژمن لە ساڵانی ڕابردووەوە ھەتا ئێستا پەلەقاژەی ئەوەیانە وێنەیەک لە شکست و پاشەکشەی گەلان لە بەرامبەر شەڕ و گەمارۆدا پیشانی کۆمەڵگا عەرەبییەکان بدەن، لە کاتێکدا نموونەی ڕاستەقینەی سەرکەوتنی ئەو گەلانە لە بوارە جیاوازەکاندا ئاشکرایە.

ئەسەد ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی زۆری گەلی سوریا ورەی خەباتیان تیادایەو باوەڕیان بە دروستی هەڵوێستەکانیان هەیە. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی بەرخۆدانمان. بەبێ ئەم ورەیە هیچ وڵاتێک ناتوانێت خۆڕاگری بنوێنێ.

سەرۆک کۆماری سووریا باسی لەوەش کرد کە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی شوناسی هاوبەش بۆ کۆمەڵگە عەرەبییەکان زۆر گرنگە و بەبێ ئەوە هیچ پێشکەوتنێک لە ئاستی ئابوری و کولتوریدا بەدی نایەت.

"عەباس قەدوح"، سکرتێری بەشی پەیوەندییە عەرەبییەکان لە حزبوڵای لوبنانیش، ڕایگەیاند، گۆڕانکارییە ناوچەییەکان دەسەڵاتی نوێیان دروستکردووەو بەم پێیە ئەمریکا ئیدی قەت نابێتە بڕیاردەری یەکەم لە ڕۆژئاوای ئاسیا لەم بوارەدا.

قەدوح ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا بەدی دەکرێن زۆر بەخێرایی ڕوودەدەن و گۆڕانکارییەکانیش سوودی بۆ گەلانی عەرەب دەبێت.

لەم دیدارەدا ئەندامانی ئەنجومەنی کۆنگرەش جەختیان لە سەر پێویستیی کۆتایی هاتنی داگیرکاری لە خاکی سوریا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە کردەوە کە بەسەر ئەم وڵاتەدا سەپێنراون.

سەرپەیڤ