ئادار 22, 2023 13:41 Asia/Tehran
  • پێزانینی ئەسەد بۆ پشتیوانی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو یارمەتیدانی قوربانیانی بوومەلەرزە

سەرۆک کۆماری سوریا لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران، پشتیوانیی تارانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان و هەروەها یارمەتیدانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە بەرز نرخاند.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ستراتژیکی لەگەڵ سووریا هەیە و پشتیوانیی تاران لە حکوومەتی شەرعی و یاسایی ئەم وڵاتە لە کاتی قەیرانی سووریا و یارمەتیدانی حکوومەتی ئەسەد لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییە جیاجیاکاندا دەربڕی ئەم بابەتەیە.

دوای شکستی داعش، پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و ئێران فراوانتر و هەمەچەشن بوون و ئاسۆی ڕوون بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا دەرکەوتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «بەشار ئەسەد»، سەرۆککۆماری سووریا لە دیدارێکدا لەگەڵ سەیید کەمال خەرازی، سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران، وتی: لە بارودۆخی ئێستادا وڵاتانی ناوچەکە پێویستیان بە وتووێژی چڕوپڕو کردەوەی ستراتیژییە، چونکە هەڵسوکەوتی ڕۆژئاوا لەم ناوچەیەدا لەوانەیە دوژمنایەتی زیاتر بکات و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەو ئامرازانەی کە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوای ئاسیادا بەردەستن بەکاربهێنن.

ئەسەد وتیشی: پێویستە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بەرەو پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی بتوانن سیستمێکی بەرگری لە بەرامبەر سیاسەتی دوژمنکارانە دروست بکەن.

سەرۆک کۆماری سوریا ڕاشیگەیاند کە توندڕەویی ئایینی و لادانی ئاکاری و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە پەیوەندییەک دەگەڕێتەوە بۆ سیناریۆ و بەرنامەی ڕۆژئاوا بەرامبەر گەنجانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و ڕایگەیاند کە وڵاتانی ناوچەکە ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە و دەبێت بژاردەیەکی سێیەم دروست بۆ گەنجان دروست بکرێت کە لەسەر بنەمای پاراستنی ناسنامە و کولتوور و ھۆگریی بەرامبەر بە وڵات بێت.

«کەمال خەرازی» سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران،هەروەها لەم دیدارەدا ڕایگەیاند، لە سایەی گۆڕانکارییە خێراو گەورەکانی جیهاندا وڵاتانی ناوچەکە دەبێ ڕوانگەیەکی ڕوونیان هەبێت بۆ داهاتوو بۆ ئەوەی بتوانن بەرژەوەندییەکانیان دابین بکەن.

سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاند کە ئەم پرسە پێویستی بە زیادبوونی دیدار و وتووێژی نێوان بەرپرسان و بیرمەندانی فەرهەنگی و ستراتیژیی ناوچەکە هەیە و لەم ڕوانگەیەشەوە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز، لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و پێشکەوتنی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی ڕووسیاو چین هەنگاوێکی ئەرێنی لەم بارەیەوە دێتە ئەژمار.

سەرپەیڤ