ئادار 29, 2023 14:40 Asia/Tehran
  • قەتەر: لە هەوڵی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا داکۆکی دەکەین

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانیی وڵاتەکەی لە هەوڵە عەرەبییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پەیوەستبە قەیرانی سوریا، جەختی کرد کە؛ دۆحە ئەم بابەتە بە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی خۆی دەزانێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ماڵپەڕی هەواڵدەریی "روسیا ئەلیەوم" ، "ماجید بن محەمەد ئەلئەنساری"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە میانی دیدارێکی حەوتانەی لەگەڵ میدیاکان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوحە و دیمەشق، ڕایگەیاند؛  هەڵوێستی ئێمە ڕوون و یەکلاکەرەوەیە و لە ژێر کاریگەریی ئەو شتانەدا نییە کە لە پێشهاتەکاندا ڕوودەدەن. مەگەر گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ناوخۆی سوریا بە شێوەیەک ڕووبدات کە خەڵک ڕازی بێت، یان کۆدەنگییەکی عەرەبی هەبێت سەبارەت بە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان لە ناوخۆی سوریادا.

«ئەلئەنساری» وتیشی: حکومەتی قەتەر ئەم بابەتە وەک یەکێک لە ئەولەویەتەکانی عەرەبی چاو لێ دەکات، بۆیە کۆدەنگیی عەرەبی لەسەر پرسی سوریا بۆ ئێمە گرنگە، ئەم کۆدەنگیەش کاتێک وەدی دێت کە پێشهاتە ئەرێنییەکان لە سوریا ڕوو بدەن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەنجامی هەوڵەکانی گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبیش، ئەلئەنساری وتی: هەڵوێستەکانی قەتەر پتەون و ھەتا ئەو کاتەی کە هۆکارەکانی گەمارۆی دیمەشق نەمێنن،ئاسایی نابینەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لە پێشوازی و پاڵپشتیی قەتەر لە هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی لە چوارچێوەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سووریا کردەوە و وتی: ئەم چارەسەرییە دەبێت لەسەر بنەمای پێشهاتە ئەرێنییەکان و جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵک بێت.

سەرپەیڤ