نیسان 03, 2023 12:41 Asia/Tehran
  • بانگهێشتی عەرەبستان لە بەشار ئەسەد بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکانی وڵاتانی عەرەبی

ئاژانسێکی هەواڵدەریی ئینگلیزی بڵاویکردەوە؛ عەرەبستان بەنیازە سەرۆکی سوریا بانگهێشت بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی داهاتووی سەرۆک دەوڵەتانی عەرەب.

لە ساڵی ٢٠١٢ دا عەرەبستان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریا پچڕاندو نووسینگەی کونسوڵگەریی خۆی لە دیمەشق داخست.

ئاژانسی هەواڵدەریی "رۆیتەرز"ی ئینگلیزی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند؛ عەرەبستان بەنیازە بەشار ئەسەد سەرۆکی ئەم وڵاتە بانگهێشت بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی کە لە ١٩ی مای دا لە ڕیاز بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای زیاتر لە دە ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سوریا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: «فەیسەڵ بن فەرحان ئالی سعود» وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە چەند حەوتەی داهاتوودا دەچێتە دیمەشق و بانگهێشتی فەرمی بۆ ئەسەد ڕادەگەیەنێت بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەی وا پلانی بۆ داڕێژراوە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوو (مارس)دا وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان دەستپێکی دانوستانەکان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سوریای بۆ دەستپێکردنەوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کونسوڵگەری پشتڕاست کردەوە.

زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی لەم دواییانەدا داوای گەڕانەوەی سوریایان بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی کردووە؛ ئەندامێتی دیمەشق لەم ڕێکخراوەدا لە ساڵی ٢٠١١ لە ئەنجامی قەیرانی سوریا و تێوەگلانی ئەم وڵاتە بەشەڕەوە ڕاگیرا.

سەرپەیڤ